سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا: کۆمیسیۆن دەستوور هەموار ناکاتەوە، برایەتیی گەلان پتەو دەکات

نوعمان کوتوڵموش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا (وێنە: AA)
نوعمان کوتوڵموش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا (وێنە: AA)

سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا دووپاتی دەکاتەوە، کۆمیسیۆنی تایبەت بە پڕۆسەی ئاشتی، دەستوور هەموار ناکاتەوە، بەڵکوو کار لەسەر پەرەپێدانی برایەتیی گەلان و کۆتاییهێنان بە "تیرۆر" دەکات.

کاتژمێر 11:00ـی پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە، 05ـی ئابی 2025، یەکەمین کۆبوونەوەی کۆمیسیۆنی پەرلەمانی تورکیا کە تایبەت بۆ سەرخستنی پڕۆسەی نوێی ئاشتی دامەزرێنراوە، دەستیپێکرد. 

نوعمان کوتوڵموش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا لە دەستپێکی کۆبوونەوەکە گوتارێکی پێشکەش کرد و ڕایگەیاند "پەرلەمانی وڵاتەکەمان ناوەندی چارەکردنی کێشە و ناکۆکییەکانە. ئەو کۆمیسیۆنەی بە بەشداریی نوێنەری هەموو لایەنە سیاسییەکان دامەزرێنراوە، کار بۆ نوێکردنەوەی دەستوور ناکات، بەڵکوو پەرە بە برایەتیی نێوان گەلانی وڵاتەکەمان دەدات و کار بۆ کۆتایهێیان بە تیرۆر دەکات."

کوتوڵموش لەبارەی ئەرکی کۆمیسیۆنەکە و پێشنیازی لایەنە سیاسییەکان، گوتی "هیچ بابەتێک نییە باسی لێوە نەکرێت، تا ئەو کاتەی ئێمە ئامادەبین گوێ لە یەکتری بگرین، بە مەرجێک هەموو بۆچوونێک ئیرادەی یەکڕیزی و برایەتی لەخۆ بگرێت. لەگەڵ چەکدانانی تەواوەتی (پەکەکە)،  پێشنیاز و ئامادەکردنی یاسایی نوێ کە ئاشتی دەکاتە هەمیشەیی، لە ئەرکەکانی ئەم کۆمیسیۆنەیە." ئاماژەی بەوەش دا، دوای چەکدانانی پەکەکە "قۆناغێکی نوێ هاتووەتە ئاراوە و لە خاڵی وەرچەرخانێکی مێژووییداین. کۆمیسیۆنەکە ڕێکارەکانی پرۆسەکە خێراتر دەکات و ڕێکیان دەخاتەوە."

سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا باسی لەوەش کرد، ماوەی نزیکەی 50 ساڵە هەموو توانا داراییەکانیان لە بەرەنگاربوونەوەی "تیرۆر"ـدا خەرج دەکرێت و، وەکوو خۆی گوتی "تیرۆر بووەتە هۆی وڵاتەکەمان لە چەندان ڕووەوە بەرەو پاشەوە بچێت و ڕێگریی لە ئاوەدانکردنەوەی کردووە. ئەگەر تیرۆر نەبووایە، ئێستا لە قۆناغێکی زۆر پێشکەوتووتر دەبووین." گوتیشی "مەبەستمان لە 'تورکیای بێ تیرۆر' ناوچەیەکی بێ تیرۆر بونیات بنێین."

لەبارەی برایەتیی نێوان کورد و تورک، کوتوڵموش ئەوەی خستەڕوو "برایەتیی نێوان کورد و تورک سەدان ساڵ بەردەوام بووە و پێکەوە چەندان شەڕیان لە دژی دوژمنان کردووە. نەک تەنیا لە ڕووی سەربازییەوە، بەڵکوو لە چەندان بواری دیکەشدا پەرەیان بە برایەتیی نێوانیان داوە. لەگەڵ گۆڕانکارییەکانی جیهان، پێویستە پەرە بە برایەتیی نێوخۆمان و ئاشتی کۆمەڵایەتی بدەین تا داهاتووی وڵاتەکەمان پڕشنگدارتر بێت."

51 کورسی بۆ کۆمیسیۆنەکە دیاریکراون، بەڵام بەهۆی ئەوەی 'ئیی پارتی' بڕیاری داوە، بەشداریی کۆمیسیۆنەکە نەکات، سێ نوێنەرەکەی بەشداریی کۆبوونەوەیان نەکردووە؛ بەڵام 48 نوێنەرەکەی دیکەی لایەنە سیاسییەکان بەشدارن. 

ژمارەی ئەندامانی لایەنەکان لە نێو کۆمیسیۆنەکە بەم شێوەیە دیاری کراون:

1.  پارتی داد و گەشەپێدان (ئاک پارتی): 21 ئەندام.

2.  پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە): 10 ئەندام.

3.  پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی): چوار ئەندام.

4.  پارتی بزووتنەوەی ناسیۆنالیست (مەهەپە): چوار ئەندام. 

5.  ئیی پارتی: سێ ئەندام. 

6.  هاوپەیمانیی یەنی یۆل (لە سێ فراکسیۆن پێکهاتووە): سێ ئەندام. 

7.  ئەو پارتانەی فراکسیۆنیان لە نێو پەرلەمان نییە: یەک ئەندام.

 

 
 
 
Fly Erbil Advertisment