بێبارانی بەنداوی قادرکەرەمی وشک کرد
بەنداوی قادرکەرەم بەهۆی وشکەساڵییەوە وشکی کردووە و زیانی گەورەی بە جووتیاران و خاوەن ئاژەڵەکانی سنوورەکە گەیاندووە، جگەلەوەش کاریگەریی لەسەر ئاوی ژێر زەوی سنوورەکە کردووە.
لەگەڵ وشکبوونی بەنداوەکە، خاوەن ئاژەڵەکان کۆچیان کردووە و زەوییە کشتوکاڵییەکانیش کەپێشتر بەردەوام سەوز بوون بەتەواوی وشک بوون، ماسییەکان لەناوچوون و باڵندەکانیش لەگەڵ نەمانی ئەوکەمە ئاوەی بەنداوەکە لە چاوەڕوانی کۆچی ناچارین، بەنداوی قادرکەرەمە کە وشکبوونەکەی هێندەی شەقبوونی زەوییەکەی برینێکی گەورەی بۆ خەڵکی سنوورەکە درووستکردووە.
نازم عەلی، ئەنجوومەنی شارەدێی قادرکەرەم بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، ڕۆژانی هەینی 500 تا 1000 ئۆتۆمبێل دەهاتنە ئێرە، بەڵام ئەمساڵ چۆڵە و کەسی لێنییە، تەنانەت ئاژەڵدارەکانیش کۆچیان کرد، دەشڵێت: زیان بە کانیاو و بیرەکانیش کەوتووە.
جگە لە بەنداوەکە چەمی ڕۆخانەش کە شارەدێی قادرکەرەم دەکاتە دوو بەشەوە و شوێنێکی گەشتیاری گرنگ بوو ئەمساڵ ئەویش بەتەواوی وشکی کردووە.
هەردی تەیب، هاووڵاتی قادرکەرەم گوتی: بەهۆی ئەم بێئاویەوە ماسی نەماوە، ئاوی ژێرزەوی کەمی کردووە و پلەی گەرماش بەرزبووەتەوە، کاریگەریی لەسەر ئاژەڵەکانیش کردووە.
بەنداوی قادرکەرەم ملیۆنێک و چوارسەد مەتر سێجا ئاو دەگرێت، لە ساڵانی ڕابردوودا لەوەرزی بارانبارین سەرڕێژ دەبوو ، 400 دۆنم زەوی کشتوکاڵی ئاو دەدا و بۆ سامانی ماسیش سوودی لێوەردەگیرا، لەگەڵ وشکبوونی پەنجا کانی سنوورەکەش وشکیانکردووە ئاوی بیرەکانیش بەڕێژریەکی زۆر دابەزیون.
بەنداوی قادرکەرەم بەهۆی ئەوەی کە بەردەوام ئاوی تێدابووە، لە نۆ ساڵی ڕابردووەوە تائێستا نەتوانراوە پاک بکرێتەوە، بەوهۆیەشەوە بەقووڵی شەش مەتر قوڕ و لیتەی تێدا کۆبۆتەوە و دانیشتوانی سنوورەکە داواکاری سەرەکیان پاککردنەوەی بەنداوەکەیە، بۆئەوەی لەساڵانی داهاتوو سوودی باشتری لێ وەربگیرێت.