پەیامنێری کوردستان24: ماوەی کارکردنی لیژنەکانی تایبەت بە هەرێم بۆ هەفتەیەک درێژکرایەوە

پەیامنێری کوردستان24 ڕاگەیاند: کۆبوونەوەکەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق زۆر ئەرێنی بووە، وەزیری نەوتی فیدراڵ پێی باش بووە کە ئەو بڕە نەوتەی کە ئێستا لە هەرێم بەرهەم دەهێنرێت، وەربگیرێت و ڕادەستی کۆمپانیای سۆمۆ بکرێت.
سێشەممە 5ـی ئابی 2025، دیلان بارزان، پەیامنێری کوردستان24 لە بەغدا، گوتی: لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، پرسی ڕێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا، بە شێوەیەکی ورد باسی لێوە کرا، گفتوگۆکانیش لە بارەی ئەم پرسەوە زۆر ئەرێنی بوون.
پەیامنێری کوردستان24 لە بەغدا، ئاماژەی بەوە کرد، هەر لە کۆبوونەوەکەدا حەییان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی فیدراڵ، ڕایگەیاند: "لیژنەیەکی تایبەتی وەزارەتی نەوت، سەردانی کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستانی کردووە، بە پێی ڕاپۆرتەکانی لیژنەکە، بەهۆی هێرشە درۆنییەکانەوە کێڵگە نەوتییەکانی هەرێم زیانی زۆریان بەرکەوتووە".
وەزیری نەوتی فیدراڵ باسی لەوەش کردووە، "بە پێی ڕاپۆرتەکان، هەرێمی کوردستان ڕۆژانە توانای هەیە 130 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەم بهێنێت، لەو ڕێژەیەش 50 هەزار بەرمیل بۆ ناوخۆ بەکاربهێنێت و 80 هەزاریش من پێم باشە وەری بگرین و ڕادەستی سۆمۆی بکەین."
بە پێی زانیارییەکانی دیلان بارزان، وەزیری نەوت بەو 80 هەزار بەرمیلە نەوتەی هەرێمی کوردستان کە ڕادەستی وەزارەتەکە بکرێت ڕازییە، بەڵام بە مەرجی ئەوەی هەر کاتێک مەترسی لەسەر کێڵگە نەوتییەکان نەما، دەبێت هەرێم ئاستی بەرهەمهێنان بەرز بکاتەوە و ئەو بڕە نەوتە ڕادەست بکات، کە هەردوو حکوومەتی فیدراڵ و هەرێم لەسەری ڕێککەتوون.
لە بارەی داهاتی نانەوتی هەرێمی کوردستانیش، پەیامنێری کوردستان24، ئاشکرای کرد، لە کۆبوونەوەکەی ئەنجوومەندا تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق، ڕایگەیاند، "تا ئێستا ڕاپۆرتی کۆتایی لەسەر پرسی داهاتی نانەوتی، لەلایەن ئەو لیژنانەی کە بۆ پرسەکە پێکهێنراون بە دەستمان نەگەیشتووە تا پێشکەشی سوودانی بکەین".
دیلان بارزان دەشڵێت: هەر یەکە لە فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوە، خالید شوانی، وەزیری داد و بەنگین ڕێکانی، وەزیری ئاوەدانکردنەوەی عێراق، ئاماژەیان بەوە کرد، "پرسی داهاتی نانەوتی پێویستی بە کاتێکی زیاترە، چونکە هەردوو حکوومەتی هەرێم و فیدراڵ بە دوو سیستەمی جیاواز کار دەکەن، بۆیە ئەو دوو هەفتەیەی کە لەبەردەم لیژنەکانە بۆ ئامادەکردنی ڕاپۆرتی کۆتایی زۆر کەمە و پێویستە ماوەی کارکردنیان درێژبکرێتەوە."
لە کۆتایی کۆبوونەوەکە، بە گوتەی پەیامنێری کوردستان24، سوودانی بڕیاری داوە ماوەی کارکردنی لیژنەکان درێژبکاتەوە بۆ هەفتەیەکی دیکە، تاوەکوو لە ڕۆژی سێشەممە داهاتوو، لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقدا، لیژنەکان دوا ڕاپۆرتی خۆیان لەسەر داهاتی نەوتی و نانەوتی هەرێم پێشکەش بکەن و بڕیاری کۆتایی لەسەر بدرێت.