عەلی لاریجانی بە سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران دەستنیشان کرا

سەرۆک کۆماری ئێران ڕایگەیاند: عەلی لاریجانی بە گوێرەی ماددەی 176ـی دەستوور، بە سەرنجدان بە وەفاداری، ئەزموون و ڕابردوو بۆ ئەو پۆستە دەستنیشان کراوە.
سێشەممە 5ـی ئابی 2025، مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران، عەلی لاریجانی، ڕاوێژکاری باڵای خامنەیی و سەرۆکی پێشووی پەرلەمانی ئێرانی بە سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی وڵاتەکە دەستنیشان کرد.
لە بڕیارەکەی پزیشکیاندا هاتووە، عەلی لاریجانی بە گوێرەی ماددەی 176ـی دەستوور و بە سەرنجدان بە وەفاداری و ئەزموون و ڕابردوو بۆ ئەو پۆستە دەستنیشان کراوە و، داواش کراوە بە هاوکاریی ئەندامانی دیکە و بە چاوەدێریی وردی کاروبارەکانی ئەنجومەنەکە، مەترسی و هەڕەشەکان لەسەر ئاسایشی نیشتمانیی ئێران دیاری بکرێن و هەوڵ بدرێت ئێران لە سەر ئاستی نیشتمانی و ناوچەکە و جیهانیدا بگاتە ئاسایشی سەقامگیر.
ئاماژە بەوەش کراوە، ئامانج لە چالاکییەکانی ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی، پاراستنی شۆڕشی ئیسلامی، دابینکردنی بەرژوەوەندییەکانی ئێران، پاراستنی یەکگرتوویی نیشتمانی و پاراستنی سەروەری و یەکپارچەیی ئێرانە.
ڕۆژی هەینی 1ـی ئابی 2025، ئاژانسی هەواڵی "فارس"ـی بڵاوی کردبووە، ئێران سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی وڵاتەکە دەگۆڕێت و ئەنجوومەنێکیش بە ناوی 'ئەنجوومەنی بەرگریی نیشتمانی' پێکدەهێنێت.
باسی لەوەش کردبوو، عەلی لاریجانی کە ئێستا ڕاوێژکاری عەلی خامنەیی، ڕێبەری باڵای ئێرانە؛ دەکرێتە سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانییە.
ئاژانسی فارس ئاماژەشی دابوو، ئەنجوومەنەکە بەرپرسیارێتیی ستراتیژی لە بواری سیاسەتەکانی بەرگریی وڵاتەکەدا لە ئەستۆ دەگرێت و بە بەشێک لە ڕێکخستنی نوێی حووکمڕانی لە بواری بەرگری و ئاسایشدا دادەنرێت.