وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا بۆ کوردستان24: لە دژی تێپەڕاندنی پرۆژەیاساکەی حەشدی شەعبین

تامی برووس: تێپەڕاندنی پرۆژە یاسای حەشدی شەعبی، عێراق زیاتر دەخاتە ژێر هەژموونی ئێران

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕایگەیاند، ئەوەی داعش بەرانبەر بە ئێزدییەکانی کرد تراژیدیابوو، هەربۆیە سەرۆکی ئەمەریکا ڕژدە لەسەر ئەوەی داعش دەبێت لەناو ببرێت.

 تامی برووس، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا، ئەمڕۆ سێشەممە، 5ـی ئابی 2025، لە بارەی یاسای حەشدی شەعبی، وەڵامی ڕەحیم ڕەشیدی، بەڕێوەبەری نووسینگەی کوردستان24ـی دایەوە و گوتی: پڕۆژە یاساکە، ئەو گرووپە چەکدارانە بە دامەزراوەیی دەکات کە پەیوەندیان کردەی تیرۆرستییەوە هەیە و لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانی دەکرێن، هەڵبەت ئەو گرووپانە چەندین هێرشیان کردووەتە سەر سەربازانی ئەمەریکا و بەرژەوەندییەکانی واشنتن لە عێراق.

گوتیشی: ئەمەریکا پشتیوانی لە سەروەری عێراق دەکات، بەڵام هەر پرۆژە یاسایەك پێچەوانەی هەماهەنگی و بەرژەوەندییە هاوبەشەکانمان بێت، دژی دەوەستینەوە، چونکە تێپەڕاندنی یاسای حەشدی شەعبی، عێراق زیاتر دەخاتە ژێر هەژموونی ئێران.

هەر لە وەڵامی کوردستان24، تامی برووس باسی لە کارەساتی جینۆسایدی ئێزدییەکان کرد و گوتی: داعش لە جیهاندا شێرپەنجە بوو، لە زۆربەی وڵاتاندا چالاکی هەبوو، بوو بووە هەڕەشە، بە تایبەتیش لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، 11ساڵ لەمەوبەر بینیمان چ تاوانێکیان بەرانبەر بە کۆمەڵگەی ئێزدی کرد، هەزاران کەسیان کوشت و دوو هەزار و 700 کەس تا ئێستا بێسەروشوێنن.

گوتیشی: گرنگە پشتیوانی ڕزگاربووانی دەستی داعش بکرێت، کە داوای دادپەروەریی دەکەن، لەگەڵ ئەمەشدا ئاسایش و سەقامگیری شنگال گرنگە لە پێناو گەڕانەوەی خۆبەخشانە و شکۆمەندانەی ئێزدییەکان بۆ زێدی خۆیان، چونکە ئێزدییەکان شایستەی پشتیوانیکردنن بۆ ئەوەی ژیانیان بنیاتبنێنەوە.

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا گوتی: بە ئێمەیان گوت لەناوبردنی داعش 30 ساڵ دەخایەنێت، بەڵام کاتێك سەرۆك ترەمپ دەستبەکاربوو؛ بە 18 مانگ داعشی لەناوی برد.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment