ترەمپ: لەگەڵ هاوپەیمانە ئەورووپییەکانمان لەسەر پێویستیی کۆتاییهێنان بە جەنگی ئۆکرانیا هاوڕاین

سەرۆکی ئەمەریکا دەڵێت: لە ڕۆژانی داهاتوودا، لەگەڵ هاوپەیمانە ئەورووپییەکانمان، بە ڕژدی کار دەکەین بۆ ئەوەی بە زووترین کات ئاگربەست لە ئۆکرانیا ڕابگەیەندرێت. گوتیشی: ستیڤ ویتکۆف دیدارێکی زۆر بەرهەمداری لەگەڵ پوتن هەبوو.

چوارشەممە 6ـی ئابی 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تروس نوسیوویەتی: ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمەریکا، دیدارێکی زۆر بەرهەمدار و ئەرێنی لەگەڵ ڤلادیمیر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا هەبووە.

سەرۆکی ئەمەریکا، ئاماژەی بەوە کرد، ویتکۆف و پوتن گفتوگۆیان لە بارەی جەنگی ئۆکرانیا کردووە. دەشڵێت: هاوپەیمانە ئەورووپییەکانیشمان لە بارەی کۆبوونەوەکە ئاگادار کردووەتەوە.

جەختی لەوەش کردەوە، لەگەڵ هاوپەیمانە ئەورووپییەکانمان، لەسەر پێویستیی کۆتاییهێنان بە جەنگی ئۆکرانیا هاوڕاین.

ترەمپ دەشڵێت: لە ڕۆژانی داهاتوودا، لەگەڵ هاوپەیمانە ئەورووپییەکانمان، بە ڕژدی کار دەکەین بۆ ئەوەی بە زووترین کات ئاگربەست لە ئۆکرانیا ڕابگەیەندرێت.

لای خۆیەوە بەرپرسێکی کۆشکی سپی، لەبارەی دیدارەکەی ویتکۆف و پوتن ڕایگەیاند: دیدارەکەی نێوان هەردوولا لە مۆسکۆ بە باشی بەڕێوەچووە.

ئەو بەرپرسەی کۆشکی سپی گوتیشی: هەر چەندە ڕووسەکان بە تامەزرۆییەوە بەردەوامن لە بازرگانیکردن لەگەڵ ئەمەریکا، بەڵام هێشتا پێشبینی دەکرێت واشنتن لە ڕۆژی هەینی داهاتوو سزای لاوەکی بەسەر ڕووسیادا بسەپێنێت.

چوارشەممە، 6ـی ئابی 2025، یوری ئوشاکۆڤ، یاریدەدەری سەرۆکی ڕووسیا بۆ کاروباری دەرەوە، ڕایگەیاند: "ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمەریکا، لەگەڵ ڤلادیمیر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا کۆبووەتەوە و دەربارەی پرسی ئۆکرانیا، بیروڕایان ئاڵوگۆڕ کردووە، هەروەها کۆبوونەوەکەی نێوانیان نزیکەی سێ کاتژمێری خەیاندووە و باسیان لە ئەگەری پەرەپێدانی هاریکاری ستراتیجیی نێوان مۆسکۆ و واشنتن کردووە."

 
 
 
 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment