بریندارانی هێرشی پەیجەر، باسی ئازارەکانیان دەکەن

ساتی تەقینەوەی پەیجەرەکان لە شەقامێکی بەیروتدا
ساتی تەقینەوەی پەیجەرەکان لە شەقامێکی بەیروتدا

لە 17ی ئەیلوولی 2024، هەزاران پەیجەر کە بەسەر گرووپی حزبوڵڵادا دابەش کرابوون، لە ماڵ، نووسینگە، دووکان و بەرەکانی جەنگ لە سەرتاسەری لوبناندا تەقینەوە.

پاش چەندان ساڵ لە پلاندارشتن و لێکدانەوەی ورد، ئیسرائیل لە ڕێگەی کۆمپانیایەکی وەهمییەوە هەزاران پەیجەری بە حزبوڵڵا فرۆشتبوو. پەیجەرەکان، لە لایەن دەزگای هەواڵگریی ئیسرائیل (مۆساد)وە لە دوورەوە کۆنترۆڵ کرابوون و لە کاتێکی دیاری کراودا پێکەوە تەقینرانەوە.

تەقینەوەی پەیجەرەکان، کە دواتر بە ‌هێرشی پەیجەرەکان ناسرا، لە ڕووی قەبارە و زیانەکانییەوە کاریگەر بوو و لە ئەنجامدا بووە  هۆی کوژرانی 12 کەس لە نێویاندا دوو منداڵ، لەگەڵ برینداربوونی زیاتر لە سێ هەزار کەس.

ئیسرائیل، بە شانازییەوە هێرشەکەی وەک نمایشکردنی توانای تەکنۆلۆجی و هەواڵگریی خۆی و تۆڵەسەندنەوە لە حزبوڵڵا، کە ڕۆژانە مووشەکبارانی ئیسرائیلی دەکرد، لە قەڵەم دا. بەڵام  ڕاپۆرتەکانی مافی مرۆڤ و نەتەوە یەکگرتووەکان بە هێرشێکی هەرەمەکی و تاڕادەیەک دژ بە بنەماکانی مافی مرۆڤیان ناساند.

حزبوڵڵا، کە حزبێکی سیاسیی گەورەی خاوەنی تۆڕێکی فراوانی دامەزراوە کۆمەڵایەتییەکانە، دانی بەوەدا ناوە زۆربەی کوژراو و بریندارەکانی هێرشەکە، چەکدار یان کارمەندی ئەوان بوون.  بەڵام حزبوڵڵا ئاشکرای ناکات چەند هاووڵاتیی مەدەنی لە ئەنجامی تەقینەوەی پەیجەرەکاندا بریندار بوون. ئەوەی ئاشکرایە، لە نێو بریندارەکاندا چوار ئافرەت و 71 پیاوی مەدەنی لە ئێران چارەسەری پزیشکییان وەرگرت.

چاوپێکەوتنی دەگمەن

سەرباری ئەوەی ئاژانسی ئەسۆشێیتد پرێس، چەند هەفتەیەک دوای هێرشەکە، ویستی پەیوەندیی لەگەڵ بریندارەکاندا بکات، بەڵام ئەوە کارێکی ئاسان نەبوو، چونکە زۆربەیان لە دەرەوەی لوبنان چارە دەکران و حزبوڵڵاش سەرقاڵی لێکۆڵینەوە لە هۆ و چۆنییەتی هێرشەکە و دەستنیشانکردنی لاوازییە ئەمنییەکانی ڕێکخراوەکە بوو. 
پاش دە مانگ، نوێنەرێکی کۆمەڵەی بریندارانی حزبوڵڵا، ئامادەیی شەش کەسی لە برینداران ڕاگەیاند بۆ ئەوەی وەڵامی پرسیارەکانی ئاژانسەکە بدەنەوە. ئەوانە بریتی بوون لە جەفعەل کە کچێکی 23 ساڵان بوو، هەروا ئافرەتێکی دیکە و دوو منداڵی 12 ساڵان و دوو پیاو، یەکێکیان وتارخوێنی مزگەوت و ئەوی تریان  چەکداری حزبوڵڵا بوو. 

ئەوان بە ڕاشکاوی وەڵامی پرسیارەکانی ئاژانسەکەیان دایەوە  و باسی ئەوەیان کرد چۆن پەیجەرەکان لەگەڵ داگرتنی دوگمە، یان تەنیا جووڵاندنیاندا تەقیونەتەوە. 

چیرۆکە ئازاراوییەکان

جەفعەل، گوتی: پەیجەرەکە لەسەر مێزی نانخوردنەکە دانرابوو، لەپڕ لە زەنگی دا، منیش دوگمەکەیم داگرت و یەکسەر بەرچاوم تاریک بوو و ئیتر نازانم چی ڕووی دا. دواتر،  کە بە هۆش هاتمەوە، تەماشام کرد لە نەخۆشخانەم و ئەو ناوە پڕ بووە  لە بریندار و خوێن. ئازارەکەم لە ڕادە بەدەر بوو، ئێستاش نازانم چۆن بەرگەیم گرت.

 موستەفا شوعەیب، وتارخوێنی مزگەوت، گوتی: منیش گوێم لە زەنگی پەیجەرەکەم بوو، هەر ئەوەندەی لە گیرفانم دەرم هێنا، تەقییەوە. پێشتر، زۆرجار، دوو کچە بچووکەکەم یاریان بە پەیجەرەکە دەکرد. 

زەینەب مەستەرح، یەکێکی دیکە لەوانەی ئامادە بوون وەڵامی پرسیارەکانی ئاسۆشییەتد پرێس بدەنەوە گوتی: برینەکانمان هێندە سەخت بوون، کەسوکارەکانمان نەمانیان دەناسییەوە، ناچار بانگمانیان دەکرد بۆ ئەوەی بمانناسنەوە. دکتۆرەکان فریای ئەو هەموو بریندارە نەدەکەوتن.

زەینەب، دواتر برایە خەستەخانەیەکی تاران و لەوێ چارەی پێویستی بۆ کراوە، بەڵام چاوی چەپی لەدەست داوە و سێ پەنجەی دەستی ڕاستی قرتاون و زرنگانەوەی گوێیەکانی تا ئەمڕۆش بەردەوامە.
 
مەهدی شەری، چەکدارێکی حزبوڵڵای تەمەن 23 ساڵان، گوتی: ئەو ڕۆژە فەرمانم پێ کرابوو بگەڕێمەوە بەرەی جەنگ، خەریکی خۆئامادەکردن بووم کە پەیجەرەکەم زەنگی لێ دا و منیش دوگمەکەیم داگرت، ئازارێکی سەختم لە سەر و چاوەکانمدا هەست پێ کرد، دواتر بوورامەوە. 

مەهدی لە نەخۆشخانەکانی لوبنان، سووریا و عێراق چارەسەر کراوە، لە جێی چاوی چەپی، چاوێکی شووشەی بۆ دانراوە. 

مەهدی شەری

 

کوڕێک بە ڕوخسارێکی پڕ لە برین

حوسێن زەینیی 12 ساڵان، گوتی: پەیجەرەکەی باوکم کە ئەندامی حزبوڵڵایە، زەنگی لێ دا، هەر ئەوەندەی هەڵم گرت یەکسەر تەقییەوە.

حوسێن، چاوی ڕاستی لەدەست داوە و چاوی چەپیشی زیانی پێگەیشتووە. دوو پەنجەی هەردوو دەستیشی قرتاون. ئەو ئێستا چاویلکە لە چاو دەکات و بەردەوام دەبێت بۆ تیمارکردنی برینەکانی سەردانی نەخۆشخانەکانی بەیروت بکات.

حوسێن زەینی

 

پەرۆشیی بۆ دووبارە بنیاتنانەوەی ژیان

ئەو بریندارانە، هەموویان لە پەرۆشی ئەوەدان چۆن دووبارە ژیانی خۆیان بنیات بنێنەوە. چۆن بەگژ ئەو بەربەست و سەختیانەدا بچنەوە کە بوونەتە کۆسپی ڕێگەی کار یان خوێندیان. زۆربەیان هێشتا ئازاری زۆریان هەیە و دەبێت بەردەوام سەردانی نەخۆشخانەکان بکەن.
بۆ نموونە، جەفعەل، لە ماوەی نۆ مانگدا 45 نەشتەرگەری بۆ کراوە و دەبێت چەندان نەشتەرگەری دیکەش لە نێویاندا نەشتەرگەریی جوانکاری بکات. ئەو، کە جاران ڤیدیۆی ئاهەنگ و بۆنە خێزانییەکانی دروست دەکرد، بەڵام ئێستا تەنیا دەتوانێت لە مۆبایلەکەیدا تەماشایان بکات، ئەویش بە ناڕوونی. 

جەفعەل

 

 
 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment