دەزگای ئاسایشی هەرێم: دوو تیرۆریستمان لە سلێمانی دەستگیر کرد

بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئۆپەراسیۆنەکانی دەزگای ئاسایشی هەرێم ڕایگەیاند: لە شاری سلێمانی دوو تیرۆریستیان دەستگیر کرد، کە پیلانیان ئەنجامدانی تەقینەوە بوو لە یەکێک لە بنکەکانی بەرگریی شارستانی.

چوارشەممە 6ـی ئابی 2025، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئۆپەراسیۆنەکانی دەزگای ئاسایشی هەرێم، لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، لە ئەنجامی بڵاوبوونەوەی گرتە ڤیدیۆیەک لە تۆڕە کۆمەڵاتییەکان لە بارەی هەڕەشەکردن و تەقینەوە، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئۆپەراسیۆنەکان، دەستبەجێ توانیان شوێنی تیرۆریستان لە شاری سلێمانی دەستنیشان بکەن.

هاوکات باسی لەوە کرد، بە فەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایش، لە ڕۆژی 22 تا 24ـی ئایاری 2025، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئۆپەراسیۆنەکان، توانیان تیرۆریستەکان دەستگیر بکەن، کە یەکێک لە تیرۆریستەکان کارمەندی بنکەیەکی بەرگریی شارستانی بووە.

بەڕێوەبەرایەتییەکە باسی لەوە کرد، دوای دانپێدانان دەرکەوت تیرۆریستان بە نیاز بوون لە پیلانی یەکەمدا ژەهر بکەنە ناو تانکی ئاوی خواردنەوەی یەکێک لە بنکەکانی بەرگریی شارستانیی سلێمانی، لە پیلانی دووەمدا لە ڕێگەی لکاندنی بۆمب بە ئۆتۆمبێلی بنکەکە تەقینەوە ئەنجام بدەن، بەڵام بە سەرکەوتوویی توانرا شکست بە پیلانی تیرۆریستان بهێنرێت.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment