دووەم کۆبوونەوەی کۆمیسیۆنی تایبەت بە پرۆسەی ئاشتی بەڕێوە دەچێت

کۆمیسیۆنی پرۆسەی ئاشتیی پەرلەمانی تورکیا ڕۆژی هەینی دووەم کۆبوونەوەی خۆی ئەنجام دەدات؛ لەگەڵ دامەزراندنی کۆمیسیۆنی دیموکراسی، برایەتی و یەکڕیزی نیشتمانی، گفتوگۆکان لەسەر دەسەڵات و ئەرکەکانی کۆمسیۆن چڕتر دەبنەوە.
عومەر چەلیک گوتەبێژی پارتی داد و گەشەپێدان (ئاک پارتی) ڕایگەیاند، کاری کۆمسیۆن تەنیا بەڕێوەبردنی پرۆسەی چەکداماڵین و لەناوبردنی پەکەکە و گەیشتن بە ئامانجی تورکیایەکی بێ تیرۆرە. چهلیك ههروهها گوتوویهتی، هیچ گفتوگۆیەک لەسەر فراوانکردنی ئەرکەکانی کۆمسیۆن بە دروست نازانێت.
هاوكات مستەفا قەرەسوو، ئەندامی کۆنسەی بەڕێوەبەرایەتیی کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) ڕایگەیاندووه: چەکدانان تەنیا لایەنێکە لە پرۆسەکەدا، ئەوەی گرنگە چارەسەری پرسی کورد و دیموکراسیکردنی تورکیایە، بەدەر لەمە پرۆسەکە هیچ واتایەکی نییە.
قەرەسوو ئاماژە بەوە دەکات، ناونیشانی چارەسەری پرۆسەکە پەرلەمانە و سەرەتا دەبێت کۆمیسیۆن لەگەڵ ئۆجەلان کۆببێتەوە، ئەگەرنا، سەرکەوتوو نابێت. دوو بۆ سێ مانگ مۆڵەتی کۆمسیۆن دراوە، ڕوونە کە ئەوان دەیانەوێت کۆمسیۆن تەنیا لەسەر پرسی چەکدانان کار بکات.
هەروەها باسی لەوەش کردووە، کێشەی سەد ساڵە هەیە، لە سەردەمی کۆماردا 30 ڕاپەڕینی کورد ڕوویان داوە. ئێمە سنووردارکردنی کۆمسیۆن وەک هەوڵێک بۆ تێکدانی پرۆسەکە دەبینین. قەرەسوو سەرنج بۆ ئەو مەترسییانەی لەسەر تورکیا ڕادەکێشێت و دهڵێت، ئاسایشی تورکیا پەیوەستە بە چارەسەری پرسی کوردەوە.
کاتژمێر 11:00ـی پێشنیوەڕۆی دوێنێ سێشەممە، 05ـی ئابی 2025، یەکەمین کۆبوونەوەی کۆمیسیۆنی پەرلەمانی تورکیا کە تایبەت بۆ سەرخستنی پڕۆسەی نوێی ئاشتی دەستیپێکرد. ناوی کۆمسیۆنەکە کرایە "کۆمیسیۆنی دیموکراسی، برایەتی و یەکڕیزی نیشتمانی".
کۆمیسیۆنەکەی پەرلەمانی تایبەت بە پرۆسەی ئاشتی لە 48 ئەندام پێکدێت، ئاکپارتی 21 ئەندام، جەهەپە 10 ئەندام، هەریەکە لە دەم پارتی و مەهەپە 4 ئەندام، هەریەکە لە ئیی پارتی و یەنی یۆڵ 3 ئەندامیان لەو کۆمیسیۆنەکە بۆ دیاریی کراوە و پارتەکانی دیکە کە فراکسیۆنیان نییە، هەر یەکەیان ئەندامێکیان بەرکەتووە.