فرۆشتنی غازی ماڵان لە بەنزینخانەکان قەدەغەکرا

بە مەبەستی پاراستی گیانی هاووڵاتییان، لە هەموو شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان، فرۆشتنی غاز لە بەنزینخانەکان قەدەغەکرا و بە گوتەی قایمقامی پارێزگای هەولێریش، هەرکەسێک سەرپێچی ئەو بڕیارە بکات سزا دەدرێت.

ڕۆژی پێنجشەممە، 7ـی ئابی 2025، نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی قەزای ناوەندیی هەولێر بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: لە ناوەندیی هەولێر زیاتر لە 400 بەنزینخانە هەن، کە بەشێکیان جگە لە بەنزین، ‌غازی ماڵانیشیان بۆ هاووڵاتییان پڕ دەکردەوە، ئەمەش لە ڕووی سەلامەتی و بەکارهێنانەوە گرفتی زۆری بۆ هاووڵاتییان دروست کردبوو. 

گوتیشی: ئەو بوتڵە غازەی هاووڵاتییان لە بەنزینخانەکان پڕیان دەکردەوە، لە بری  12 کیلۆ گرام ، 5-6 کیلۆ گرام غازی تێدەکرا و ئەو ئامێرەی بەکاردەهێنرا سەلامەت نەبوو، چەندین جار ڕووداوی نەخوازراوی لێ دەکەوتەوە، بۆیە وەزارەتی سامانە سروشتییەکان، لە 1ـی حوزەیرانی 2025، بڕیاری قەدەغەکردنی فرۆشتن و پڕکردنەوەی غازی لە بەنزینخانەکانی دەرکردبوو، ئێستاش بڕیارەکە لە هەموو کوردستان جێبەجێ دەکرێت.

نەبەز عەبدولحەمید ڕاشیگەیاند: ئێمە لە هەولێر 35 کارگەمان هەیە، کە لە وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و پارێزگا مۆڵەتیان وەرگرتووە.

ئاماژەی بەوەش کرد، ڕۆژانە 260 تۆن غاز دێتە ناو هەولێر و لەڕێگەی 400 بریکارەوە بەسەر گەڕەکەکاندا دابەش دەکرێت.

هەروەها گوتیشی: نرخی غاز بۆ هەموو شارەکانی هەرێمی کوردستان لە زستان و هاویندا جێگیرە، هەر بوتڵێکی غاز بە هەشت هەزار و 500 دینار دەگاتە دەستی هاووڵاتییان، هەندێ کات بریکارەکان سەرپێچی لە نرخەکەدا دەکەن، بەڵام ئێمە بەردەوام بەدواداچوون دەکەین، هەر بریکارێک سەرپێچی بکات لێپێچینەوەی لەگەڵ دەکەین و سزا دەدرێت، بە ڕادەیەک هەندێ کات سزاکە دەگاتە ئاستی ئەوەی مۆڵەتەکەی لێ وەربگیرێتەوە.

نەبەز عەبدولحەمید، باسی لەوەش کرد،  ئێستا هەر پڕۆژەیەکی نیشتەجێبوون دروست بکرێت، دەبێت سیستەمی ‌غاز بەشێوەی بۆڕی بۆ ماڵان دابین بکات، هاوکات یەکێک لە پلانەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش ئەوەیە سیستەمی غاز بکات بە بۆڕی و ئیتر ئەم شێوە تەقلیدییە نەمێنێت، بەڵام ئەوە هەندێک کاتی پێویستە.

 
Fly Erbil Advertisment