ئەمەریکا سزای بەسەر ژمارەیەک کەسایەتی و دامەزراوەی ئێراندا سەپاند

وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا، 7 کەسایەتی و 11 دامەزراوەی ئێرانی خستە لیستی سزاکانیەوە.

پێنجشەممە 7ـی ئابی 2025، نووسینگەی کۆنترۆڵکردنی سەروەت و سامانی بیانی سەر بە وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، لە چوارچێوەی هەڵمەتی سزاکانیان دژی ئێران، 7 کەسایەتی و 11 دامەزراوەی ئەو وڵاتەیان خستە لیستی سزاکانیانەوە.

لای خۆیەوە سکۆت بێسینت، وەزیری گەنجینەی ئەمەریکا گوتی: وەزارەتەکە بەردەوام دەبێت لە شکستپێهێنانی پیلانەکانی ئێران ئەمەش لە پێناو پاراستنی گەلی ئەمەریکایە.

پێنجشەممە 31ـی تەممووزی 2025،  نووسینگەی کۆنترۆڵکردنی سەروەت و سامانی بیانی سەر بە وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە دابوو، تۆڕێکیان خستووەتە لیستی سزاکانیانەوە، کە پێکهاتوون لە پێنج دامەزراوە و کەسایەتییەک لە ئێران، هۆنگ کۆنگ، تایوان و چین، کە هاوکاریی کۆمپانیای پیشەسازیی دروستکردنی درۆنی ئێرانیان کردووە.

چوارشەممە 30ـی تەممووزی 2025، وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا، گەورەترین پاکێجی سزای بەسەر ئێراندا سەپاند، کە لە 2018ـەوە تا ئێستا هاوشێوەی نەبووە.

وەزارەتەکە باسی لەوە کردبوو، لە چوارچێوەی هەڵمەتی سزاکانیان لەسەر ئێران، 12 کەسایەتی، زیاتر لە 70 دامەزراوە و 62 کەشتی ئێران و هاوکاری ئەو وڵاتەیان خستووەتە لیستی سزاکانەوە.

 
 
Fly Erbil Advertisment