کۆمیسیۆنی ئەورووپا داوا دەکات هاوکارییە مرۆییەکان بۆ غەززە خێراتر بکرێن

کۆمیسیۆنی ئەورووپا دەڵێت: لەگەڵ ئیسرائیل نەگەیشتوونەتە ڕێککەوتن و داوا دەکەن ڕێگە بدرێت هاوکارییە زیاتر بگەیەندرێتە کەرتی غەززە.

کۆمیسیۆنی ئەورووپا ڕایگەیاند: تاوەکوو ئێستا لەگەڵ ئیسرائیل نەگەیشتوونەتە لێکتێگەیشتن دەربارەی کەرتی غەززە، سەرەڕای هەندێک بەرەو پێشچوون، بەڵام تەلئەبیب بەردەوامە لە ڕێگریکردن لە چوونە ژوورەوەی بەرپرسانی ئەورووپا بۆ ‌غەززە. 

ئاماژە بەوەش کراوە، ئیسرائیل بە تەواوی پابەند نەبووە بەو ڕێککەوتنەی لەگەڵ یەکێتیی ئەورووپا بۆ زیادکردنی یارمەتییە مرۆییەکان بۆ دانیشتوانی غەززە.

هەروەها بەڵگەنامەی یەکێتیی ئەورووپا باسی لەوە کردووە، ژمارەی ئەو بارهەڵگرانەی چونە ناو کەرتی غەززەی لە زیادبوونە، بەڵام تاوەکوو ئێستا نەگەیشتووەتە ئەو خاڵەی ڕێککەوتنی لەسەر کراوە لە مانگی ڕابردوو، بۆ ئەوەی هاوکارییە مرۆییەکان بگەنە ئەو کەرتە.

جەخت لەوە کراوە، لە کۆی  800 بارهەڵگر کە ئیسرائیل لە نێوان کۆتایی مانگی تەممووز و 4ـی ئابدا بەڵێنی پێدابوو،تەنیا 188 بارهەڵگر چوونەتە ناو غەززە، ئەمەش25٪ کۆی گشتیی دەکات، لە کاتێکدا نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژەی بەوە دا، 500 بۆ 600 بارهەڵگر پێویستن بۆ ئەوەی دانیشتووانی غەززە لە برسێتی رزگار ببن.

هاوکات بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی 8ـی ئابی 2025،  نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بڵاویکردەوە، سەرەڕای دژایەتیی کردنی سەرکردایەتی سەربازیی، ئەنجوومەنی ئاسایش، پێشنیازی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلی بۆ داگیرکردنی تەواوی کەرتی غەززە پەسەند کرا. 

 
 
Fly Erbil Advertisment