بەرگریی شارستانی هەولێر: پرۆژەی ڕووناکی بووەتە هۆی کەمبوونەوەی حاڵەتەکانی شۆرتی کارەبا

گوتەبێژی بەرگریی شارستانی هەولێر ئاماژە بەوە دەکات، سیستەمی ئاگرکوژێنەوە لە هەردوو بازاڕی قەیسەری و لەنگەی هەولێر بەشێوەیەکی پێشکەوتوو کەوتووەتە بواری جێبەجێکردنەوە.

شاخەوان سەعید، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر، ئەمڕۆ هەینی 8ـی ئابی 2025، بە شەیما بایز پەیامنێری کوردستان24ـی گوت: سێ مانگی ئەمساڵ واتە، مانگەکانی پێنج و شەش و حەوت، بەراورد بە هەمان مانگەکانی ساڵی ڕابردوو ڕووداوەکان 50٪ کەمیکردووە، کە ژمارەیان 994 حاڵەت بوون، بەڵام سێ مانگی ئەمساڵ 540 حاڵت تۆمارکراون.

گوتەبێژی بەرگریی شارستانی هەولێر گوتیشی: هۆکاری کەمبوونەوەی حاڵەتەکان بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە حکوومەتی هەرێم بەڕێوەبەراتیی سەربەخۆی بۆ دامەزراندین و لەگەڵ گواستنەوەی ژمارەیەکی زۆری کارمەند بۆ بەڕێوەبەراتییەکەمان، ئەمە جگەلەوەی ژمارەیەکی زۆری ئۆتومبێلی ئاگرکوژێنەوە و چەندین کەرستەی دیکە دابینکراون.

شاخەوان سەعید، ئاماژەی بەوە کرد، ساڵی ڕابردوو 730 حاڵەت بەهۆی شۆرتی کارەباوە تۆمارکراون، بەڵام ئەمساڵ بەهۆی پرۆژەی ڕووناکییەوە 340 حاڵەت تۆمارکراون و بووەتە هۆی کەمبوونەوەی حاڵەتەکانی شۆرتی کارەبا و ئاگرکەوتنەوە.

دەربارەی حاڵەتەکانی خنکان، باسی لەوە کرد، ئەمساڵ 14 حاڵەتی خنکان لە سنووری بەڕێوەبەراتییەکەمان تۆمارکراون، بەشێکی زۆری حاڵەتەکان لەو شوێنانەن کە مەلەکردن تێیدا قەدەغەیە.

شاخەوان سەعید، دەشڵێت: لە هەردووکی بازاڕی قەیسەری و لەنگەی هەولێر سیستەمی ئاگرکوژێنەوە بەشێوەیەکی پێشکەوتوو جێبەجێکراوە، دووکاندارەکانیش بەشێوەیەکی زۆرباش پابەندی ئەو سیستەمەن.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment