ئەندامێکی لیژنەی دارایی: هۆکاری نەناردنی خشتەکانی بودجە بۆ پەرلەمان، سیاسییە و ڕێگری لێ دەکرێت

تاوەکوو ئێستا حکوومەتی عێراق خشتەکانی بودجەی ئەمساڵی بۆ پەرلەمان نەناردوو. بەشێک لە پەرلەمانتارانیش ئاماژە بەوە دەدەن، نەناردنی خشتەکان، پەیوەندی بە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانەوە هەیە و ئەستەمە ئەمساڵ پەسەند بکرێن.
هەشت مانگ لە ساڵی دارایی 2025 تێ پەڕیوە کەچی حکوومەتی فیدراڵی بەبێ بودجە کارەکانی دەکات.
نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق، وەزارەتی دارایی ئاگادار کردووەتەوە، لە جیاتی سەرنج خستنەسەر خشتەکانی بودجەی ساڵی 2025، ئامادەکاری بۆ خشتەکانی بودجەی ساڵی دارایی 2026 بکەن کە هاوکاتە لەگەڵ زیادبوونی فشاری پەرلەمانتاران بۆ یەکلاکردنەوەی خشتەکانی بودجەی ساڵی 2025 و دڵنیابوون لە دابینکردنی خزمەتگوزارییەکان و جێبەجێکردنی کارنامەی حکوومەت؛ بەتایبەت سەدان پڕۆژەی خزمەتگوزاری بەهۆی نەبوونی خشتەکانی بودجە پەکیان کەوتووە و مەترسیشی لەسەر خەرجییە گشتییەکان دروست کردووە.
موعین کازمی، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاندووە، دواکەوتنی ئامادەکارییەکانی حکوومەت بۆ خشتەکانی بودجەی ساڵی 2025، پێشێلکردنی یاسای ژمارە 13ـی بودجەی ساڵی 2023ـیە کە حکوومەت پابەند دەکات ساڵانە خشتەکان پەسەند بکات. ئاماژەی بەوەش کردووە، دەبووایە خشتەکانی ساڵی 2025 بەر لە کۆتایی هاتنی ساڵی 2024 ڕەوانەی پەرلەمان بکرایە.
هەروەها عودەی عەواد، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق باسی لەوە کردووە، هۆکاری دواکەوتنی ناردنی خشتەکانی بودجە بۆ پەرلەمان، پرسێکی سیاسییە و پەیوەندی بە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەوە هەیە. بەدووریشی دەزانێت، لە ساڵی دارایی 2025 خشتەکانی بودجە پەسەند بکرێن.
هەر لەوبارەوە، محەممەد جاسم خەفاجی، ئەندامی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی عێراق ئاماژە بەوە دەدات: بەهۆی شپرزەیی دۆخی سیاسیی عێراق، مەحاڵە خشتەکانی بودجەی ساڵی 2025 پەسەند بکرێن. دەشڵێت: ئەو بانگەشانەی کە بۆ ئامادەکردنی بودجەی ساڵی 2026 دەکرێن، پڕوپاگەندەی هەڵبژاردنن، چونکە ئەرکی حکوومەت و پەرلەمانی داهاتووە کە ئامادەکردنی بودجەی ساڵی نوێ لە ئەستۆ بگرن.
هاوکات هومام شماع، پسپۆڕی ئابووری پێی وایە "ئەمساڵ ساڵی هەڵبژاردنە و خشتەکانی بودجە دەتوانن خەرجییەکان ئاشکرا بکەن و بۆ شاردنەوەی خەرجییە نایاساییەکان، ئامادەکردنی خشتەکانی بودجە زیاتر دوا دەکەوێت."