ڕوانگەی عێراقی سەوز: تورکیا ماوەی بەردانەوەی ئاو بۆ عێراق درێژ ناکاتەوە

ڕوانگەی عێراقی سەوز، ڕایگەیاند، مانگی ئاب دەبێتە دوا مانگ کە تورکیا ئاو بۆ عێراق بەرداتەوە، پێشبینیش دەکات تورکیا ماوەی بەردانەوەی ئاو بۆ عێراق درێژ نەکاتەوە.
شەممە، 9ـی ئابی 2025، ڕوانگەی عێراقی سەوز ڕاپۆرتێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، تورکیا زۆر گرنگی بە پرسی ئاو دەدات، لەبەرانبەردا عێراق زۆر ئەو بابەتە پشتگوێ دەخات ئەگەرچی زۆرترین هۆشداریی پیدراوە لەسەر کەمکردنەوەی بەفیڕۆدانی ئاو، چ بۆ بەکارهێنانی ناوخۆیی یان کشتوکاڵی.
ڕوانگەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، تورکیا ڕەزامەندی دەربڕیوە لەسەر زیادکردنی ئاو بۆ عێراق لە ڕێگەی ڕووباری دیجلە بۆ مانگەکانی تەممووز و ئاب، بەڵام لە ڕاگەیەندراوەکەی تورکیادا ئاماژە بەوە نەکراوە کە دوای ئەو دوو مانگە بەردانەوەی ئاو بەردەوام دەبێت یان نا.
ڕوانگەی عێراقی سەوز باسی لەوەش کرد، تاوەکوو ئێستا عێراق لە بەڕێوەبردنی ئاودا سەرکەوتوو نەبووە، ئەمە جگە لە شکستی دانوستانەکانی کاتێک لەگەڵ شاندی وڵاتانی دیکەی دراوسێ لەسەر پرسی ئاو دانیشتوون، هەر ئەمەش وای کردووە دانوستانەکان ئەنجامە نەرێنییەکانی لێبکەوێتەوە، کە بەگوێرەی گوتەی عەون زیاب، وەزیری سەرچاوەکانی ئاو، ئاستی یەدەگی ئاو لە عێراق گەیشتووەتە نزمترین ئاست.
تورکیا لە سەرەتای مانگی تەمموزەوە دەستیکردووە بە بەردانەوەی ئاوی ڕووباری دیجلە بریارە تا کۆتایی ئەم مانگە بەردەوام بێت، ئەمەش بۆ ئەوەی عێراق کەمێک لە قەیرانی ئاو ڕزگاری بێت.
ئەم پێشهاتە دوای دیدارێکی نێوان ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا و مەحموود مەشهەدانی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە ئەنقەرە هات، کە تیایدا تورکیا بڕیاریدا 420 مەتر سێجا ئاو لە چرکەیەکدا بەرداتەوە.
قەیرانی وشکەساڵی و کەمئاوی بەرۆکی عێراقی گرتووە، ئەمەش بەهۆی کەمبارانی و گۆڕانی کەشوهەوا و دابەزینی ئاستی ئاوی ڕووباری دیجلە و فورات بووە.