پرۆژەی ستراتیژی ئاوی ئاکرێ ساڵی داهاتوو تەواو دەبێت

پرۆژەی ستراتیژی ئاوی ئاکرێ، کە ئاو لە زێی گەورە بۆ نێو سەنتەری قەزا و گوندەکانی ئەو ناوچەیە دەگوازێتەوە، کارکردنی لەو پرۆژەیە گەیشتووەتە قۆناخی دانانی تۆڕەکانی دابەشکردنی ئاو، هاوکات بڕیارە لە ساڵی داهاتوو ئەو پرۆژەیە تەواو بێت و بۆ ماوەی 25 ساڵ کێشەی کەم ئاوی لە ناوچەکە چارە بکات.
هەوار محەممەد، بەڕێوەبەری پرۆژەکە بە کوردستان24ی گوت: بەگوێرەی ئەو پلانەی دانراوە، لە تشرینی یەکەمی 2026 پرۆژەکەمان کۆتایی دێت، لە ڕێگەی ئەو پرۆژەوە ئاو بۆ هاووڵاتییانی ئەو ناوچەیە دابین بکەین، باسی لەوەش کرد، پاڵپشتییەکی باش لە پرۆژەکەمان دەکرێت، هیواداریشین بەردەوام بێت، بۆ ئەوەی بە زووترین کات تەواوی بکەین.
زرار ئەحمەد بەڕێوەبەری ئاوی ئاکرێ لەو بارەوە ئاماژەی دا، ئەو پرۆژەیە گرنگییەکی تایبەتی بۆ ناوچەکە هەیە، لەگەڵ تەواو بوونی پرۆژەکە بۆ ماوەی 25 ساڵی داهاتوو کێشەی کەمی ئاو لە سەنتەری قەزای ئاکرێ، ناحیەی بجیل بە 19 گوند و 21 گوندی دیکەش لە دەڤەرەکانی دیکە چارە دەکات، لە ڕێگەی ئەو پرۆژەوە ئاوییان بۆ دابین دەکرێت.
پرۆژەی ستراتیژی ئاوی ئاکرێ بە گوژمەی 109 ملیار دینار لە لایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستان جێبەجێ دەکرێت، ئێستا ڕێژەی کارکردن تێیدا گەیشتووەتە %62 بڕیاریشە لە ساڵی داهاتوو کۆتایی بێت. هاوکات لە ڕێگەی ئەو پرۆژەوە ڕۆژانە 72 هەزار مەتر سێجا ئاو لە زێی گەورەوە بۆ نێو سەنتەری ئاکرێ دەگوازرێتەوە.