تاران.. نۆژەنکردنەوەی خانووە زیانبەرکەوتووەکانی جەنگی 12 ڕۆژە لانیکەم سێ ساڵ دەخایەنێت

ناسر ئەمانی، ئەندامی ئەنجوومەنی شاری تاران، ڕایگەیاند، نۆژەنکردنەوەی خانووە زیانبەرکەوتووەکانی تاران لە جەنگی 12 ڕۆژەدا، پرۆسەیەکی درێژخایەنە و لانیکەم سێ ساڵ دەخایەنێت.
ناسر ئەمانی، لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی ئیلنا، سەبارەت بە ڕەوتی نۆژەنکردنەوەی خانووە زیانبەرکەوتووەکانی جەنگی 12 ڕۆژە، گوتی: لەم دواییانەدا ڕایانگەیاندووە 50 یەکەی نیشتەجێبوون پێویستیان بە ڕووخاندن و نۆژەنکردنەوە هەیە. نازانم ئەم ئامارە چەندە ڕاستە، بەڵام ئەگەر ڕاستیش بێت، ئەو پرۆسەیە لانیکەم سێ ساڵی پێ دەچێت.
ئاستەنگەکانی بەردەم نۆژەنکردنەوە
ئەمانی گوتی: کە گرنگترین ئاستەنگ لەبەردەم پرۆسەی نۆژەنکردنەوەدا، کەمیی ئامێر و کەرەستەی تایبەتیی هەڵگرتنەوەی داروپەردوو و پاشماوەی باڵەخانە ڕووخاوەکانە، ئەم کەرەستانە بەپێی پێویستیی ئێستا، لەبەردەستی ڕێکخراوی ئاگرکوژێنەوەی تاراندا، کە لایەنی سەرەکیی بەرپرسە لە هەڵگرتنەوەی ئەو پاشماوانەدا، بەردەست نین.
هەروەها گوتیشی: پێویستە شوێنی تایبەت بۆ کۆکردنەوەی پاشماوەی هەر باڵەخانەیەک بە جیا دیاری بکرێت، ئەمەش کاتی دەوێت. سەرەڕای ئەوەش، ڕێککەوتن لەگەڵ خاوەن موڵکەکان بۆ یەکلاکردنەوەی کارەکان دوای هەڵگرتنەوەی پاشماوەکان، کارێکی پێویستە و ئێستا شارەوانی سەرقاڵی گفتوگۆیە لەگەڵیاندا.
بە گوتەی ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی شاری تاران، دەبێت چۆنییەتی نۆژەنکردنەوەی باڵەخانە زیانبەرکەوتووەکان بەسەر سێ جۆردا دابەش بکرێن: بەهێزکردن، چاکسازیی مامناوەند و نۆژەنکردنەوەی سەرلەبەر.
گۆڕان لە ئامارەکاندا
ئەمانی داوای لە شارەوانیی تاران کرد کە ئامارێکی کۆتایی و نەگۆڕ لەبارەی یەکە زیانبەرکەوتووەکانەوە ڕابگەیەنێت، چونکە ئامارەکان بەردەوام دەگۆڕێن.
ئەو لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: بە گوێرەی نوێترین ئامار 8700 یەکە لە تاران زیانیان بەرکەوتووە. 50%ی ئەوانە تەنها پێویستیان بە چاکسازیی بچووک هەیە وەک گۆڕینی پەنجەرە و بۆیاغکردن، کە کارەکانیان لە قۆناغی کۆتاییدایە. 50%ی دیکەش دابەش دەبن بەسەر دوو گرووپدا: بەشێکیان پێویستیان بە بەهێزکردن هەیە و بەشەکەی دیکەیان دەبێت بەتەواوی بڕوخێنرێن و سەرلەنوێ دروست بکرێنەوە.
ئەمانی، هۆی سەرەکیی گۆڕانی ئامارەکانی گەڕاندەوە بۆ ئەوە کە هەندێک لەو خاوەن موڵکانەی کە خانووەکانیان بە گوێرەی هەڵسەنگاندنی شارەوانی تەنیا پێویستان بە بەهێزکردن هەیە، پێیانوایە خانووەکانیان کۆن بوون و بەهێزکردنەوەیان سوودی نییە، بۆیە داوای نۆژەنکردنەوەی تەواو دەکەن.