بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 6.1 پلەی ڕێختەر ڕۆژئاوای تورکیای هەژاند

ناوەندی قەیرانەکانی تورکیا، ئافاد ڕایگەیاند، بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 6.1 پلەی ڕێختەر ناوەندی شارۆچکەی سندرگی لە سنووری شاری بالکەسیر تۆمارکراوە.

بە گوێرەی ڕاگەندراوی ئافاد، بوومەلەرزەکە کاتژمێر 19:53 بە کاتی ئەنقەرە ڕوویداوە و بەهۆی بەهێزیی بوومەلەرزەکە. لە بەشێکی زۆری ناوچەکانی سنووری پارێزگاکانی مەڕمەڕە و ئیجە هەستی پێکراوە.

لە بارەی بوومەلەرزەکەوە، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس هیوای سەلامەتی بۆ دانیشتووانی بالکەسیر و ناوچەکانی دەوروبەری خواستووە، هەروەها ڕایگەیاندووە، دەبێت هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان بخرێنە ئامادەیی بۆ ئەوەی ئەرکەکانیان جێبەجێ بکەن.

لەلایەن خۆیەوە عەلی یەرلیکایا وەزیری ناوخۆی تورکیا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی پەیامێکی بڵاوکردووەتەوە و نووسیویەتی "بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 6.1 پلەی ڕێختەر لە شاری سندرگی بالکەسیر تۆمارکراوە و هەموو تیمەکانی ئافاد و دامەزراوە پەیوەندیدارەکان لە ئامادەییدان.

هەروەها ئاماژەیداوە، لە ناوەندی ئیستەنبوڵ و چەند پارێزگایەکی دیکەی دەوروبەری هەستی پێکراوە، بەڵام هیچ ڕووداوێکی نەرێنی نییە و چاودێری دۆخەکە دەکەین.

لەلایەکی دیکەوە پارێزگاری ئەستانبۆڵ ڕایگەیاندووە، بەهۆی ترس و دڵەڕاوکێوە بەشێکی زۆری دانیشتووانی شارەکە لە ماڵەکانیان دەرچوون و ڕوویان لە پارک و شوێنەکراوەکان کردووە.

سەرۆکی شارەوانی بالکەسیر، سێرکان ساک بە کەناڵی ئێن تی ڤی تورکیا ڕایگەیاند، نزیکەی 10 باڵەخانە لە شارۆچکەی سندرگی ڕووخاون، لەنێویاندا یەکێک لە باڵەخانەکان سێ نهۆم بووە و چوار کەس لە ژێر داروپەردووی باڵەخانەکە ڕزگارکراون و دوو کەسەکی دیکەش گیریانخواردووە.

ئاماژەشیدا، جیا لە باڵەخانەکانی نیشتەجێبوون، مزگەوتێکیش ڕووخاوە، بەڵام هیچ زانیارییەک لە بارەی گیانیان لەدەستدان تۆمار نەکراوە.

لە سەرەتای ئەمساڵەوە ئەمە دووەمین بوومەلەرزەی بەهێزە لە تورکیا تۆمار دەکرێت، یەکەمیان لە کۆتاییەکانی حوزەیرانی ئەمساڵ بە هێزی 5.8 پلەی ڕیختەر هەر لە هەمان ناوچەدا ڕوویدا و بە هۆیەوە یەک کەس گیانی لەدەستدا و 69 کەسی دیکەش برینداربوون.

هەروەها لە بەرەبەیانی 6ـی شوباتی 2023،  بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 7.4 به‌ پلەی ڕێختەر توركیا و باکووری کوردستانی هەژاند. هێزی بوومه‌له‌رزه‌كه‌ لە باشووری کوردستان و سووریا، میسر، یۆنان، ئێران و چه‌ند وڵاتی دیكه‌ی ناوچه‌كه‌ هه‌ستی پێكرا، بەهۆیەوە نزیکەی 53 هەزار کەس گیانیان لەدەستدا و زیاتر لە 100 هەزار کەسیش برینداربوون.

 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 

Fly Erbil Advertisment