موراد قەرەیلان: تورکیا تا ئێستا بانگەوازەکەی باخچەلی جێبەجێ نەکردووە
قەرەیلان: نابێت کەس هەڕەشە و چەک لە دژی تورکیا بەکار بهێنێت

فەرماندەیەکی باڵای هەپەگە دووپاتی کردەوە، کە ئەوان پێشنیازەکانی بانگەوازەکەی ئۆجەلانیان جێبەجێ کردووە، بەڵام تا ئێستا دەوڵەتی تورکیا بانگەوازەکەی باخچەلی جێبەجێ نەکردووە. جەختیشی لە ئازادکردنی ئۆجەلان کردەوە.
موراد قەرەیلان، فەرماندەی باڵای هێزی پاراستنی گەل (هەپەگە)، لە میانەی چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ میدیایەکی نزیک لە پەکەکە، گوتی: گرووپێکی 30 کەسی پەکەکە، لە 11ـی تەمووزی ئەمساڵ لە سنووری سلێمانی چەکەکانیان سوتاند، ئەم مەراسیمە بۆ بزووتنەوەکەمان مانای وایە کە ستراتیژی تێکۆشانی چەکداری بە فەرمی و کردەیی کۆتایی پێهاتووە.
هاوکات باسی لەوە کرد، ئێمە پێشنیازەکانی بانگەوازی ئۆجەلانمان جێبەجێ کردووە، بەڵام تا ئێستا تورکیا بانگەوازەکەی دەوڵەت باخچەلی جێبەجێ نەکردووە.
لە بارەی ئازادکردنی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، قەرەیلان، گوتی: بۆ ئەوەی متمانە دروست ببێت، بە دڵنیاییەوە دەبێت ئۆجەلان ئازاد بکرێت، نەک هەر لە ئیمراڵی نەمێنێت، بەڵکوو دەبێت بتوانێت سەردانی هەموو شوێنێک بکات.
ئەو فەرماندە باڵایەی هەپەگە، ئاماژەی بەوە کرد، ئەگەر تورکیا بە گوێرەی خواستەکانیان کار بکات و هەنگاوی جیددی بۆ پرۆسەی ئاشتی بنێت، ئەوا مەراسیمی چەکسوتاندنیش لە لایەن پەکەکەوە بەردەوام دەبێت.
موراد قەرەیلان، باسی لە کۆمیسیۆنی پەرلەمانی تورکیا کرد و گوتی: دامەزراندنی کۆمیسیۆنەکە هەنگاوێکی گونجاو و ئەرێنییە، پرسی کورد پرسی هەموو تورکیایە و پرسی سەدەیە. دەشڵێت: ئێمە لایەنێکی ئەم پرۆسەیەین دەبێت بۆچوونەکانمان وەربگیرێن.
جەختی لەوە کردەوە، ئەگەر ئۆجەلان ئازاد نەکرێت ئەوا ئاشتی لە تورکیا بە دی نایەت. گوتیشی: بۆ ئەوەی تورکیا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەک وڵاتێکی دیموکراسی پێشبکەوێت و بە مەزنی ڕۆڵی خۆی بگێڕێت، پێویستی بە کورد هەیە، بەبێ گەلی کورد ناتوانن ئەمە بکەن.
ئەو فەرماندە باڵایەی هەپەگە، سەرەنجی بۆ ئەوە ڕاکێشا، لەمەودوا شەڕی چەکداریی نابێت ڕێبازێکی هەڵبژێردراو بێت، هەروەها ئۆجەلان بە گشتی تێکۆشانی چەکداریی لە بەرانبەر تورکیا ڕاگرت، هەر بۆیە نابێت کەس هەڕەشە و چەک لە دژی تورکیا بەکار بهێنێت.