کۆمیسیۆن 68 کاندیدی لە پرۆسەی هەڵبژاردن دوورخستەوە

کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق، 68 کاندیدی لە بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دوورخستەوە.
یەکشەممە 10ـی ئابی 2025، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، هەر یەکە لە کاندیدان، ئەحمەد جبووری و نەجم جبووری، لە بەشداریکردن لە هەڵبژاردن دوورخرانەوە، ئەمەش بەهۆی ئەوەی ئەو دوو کەسە دۆسیەی تاوانیان هەبوو.
کۆمیسیۆن، ڕایگەیاند: 66 کاندیدی دیکە بەهۆی چەندین دۆسیە و هۆکاری جیاوازە، لە بەشداریکردن لە هەڵبژاردن بێبەش کران.
ئەمەش لە کاتێکدایە، کۆمیسیۆن لە ماوەكانی ڕابردوودا 47 کاندیدی لە کێبڕکێی هەڵبژاردن دوورخستبووەوە.
9ـی نیسانی 2025، نووسینگەی ڕۆژنامەوانیی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ بڵاوی کردبووەوە، ئەنجوومەنی وەزیران بە زۆرینەی دەنگ، 11-11-2025ـی وەکوو ڕۆژی هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق دیاریی کرد.