لیوا عەلی فەدەوی: ململانێی نێوان ئێران و ئیسرائیل هەرگیز کۆتایی  نایەت

لیوا عەلی فەدەوی، جێگری فەرماندەی سوپای پاسداران
لیوا عەلی فەدەوی، جێگری فەرماندەی سوپای پاسداران

لیوا عەلی فەدەوی، جێگری فەرماندەی گشتیی سوپای پاسداران، لە گفتوگۆیەکی تایبەتدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی ئیلنا، گوتی: هێزە چەکدارەکانی ئێران هەمیشە ئامادەی بەرەنگاربوونەوەی دوژمنانن و لەو پێناوەشدا هەرگیز پشوو نادەن.

لیوا فەدەوی، لەبارەی ئامادەیی سەربازیی هێزە چەکدارەکان لە ئەگەری دووبارەبوونەوەی هەر دەستدرێژییەکی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران گوتی: بێگومان یەکێک لەو بابەتانەی هەمیشە لەبەرچاوی سوپای پاسدارانە، ئامادەیی تەواو و هەمیشەییە، ئەمەش هەم فەرمانی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانە و هەم فەرمانی قورئانە.

دوژمنان دەیانەوێت یەکێتیی نەتەوەییمان لاواز بکەن

جێگری فەرماندەی گشتیی سوپای پاسداران، سەبارەت بە پێویستیی پاراستنی یەکێتیی نەتەوەیی لە دۆخی ئێستای وڵاتدا گوتی: خەڵک ڕۆڵی سەرەکییان هەیە. ئەگەر خەڵک یەکگرتوو بن، دەتوانن زۆرترین سوود لە یەکپارچەیی خاک و نەتەوە وەربگرن. دوژمنان دەیانەوێت ئەم یەکێتییە لاواز بکەن؛ بۆیە پێویستە خەڵک بەرانبەر بەو هەڕەشەیە وریا و ئامادە بن.

فەدەوی ڕایگەیاند "دوژمنان گرەویان لەسەر هەڵوەشاندنەوەی یەکێتیی خاک و خەڵکی ئێران کرد، بەڵام لەوەدا هەڵە بوون و ئەو یەکپارچەییەی لە کاتی جەنگی 12 ڕۆژەدا هاتە ئاراوە، بێوێنە بوو." 

ململانێی نێوان ئیسرائیل و ئێران هەرگیز کۆتایی نایەت

لیوا فەدەوی، لە وەڵامی پرسیارێکدا ئایا ئیسرائیل هێشتا وەک هەڕەشەیەک بۆ سەر ئێران هەژمار دەکرێت یان نا؟ گوتی: بێگومان، ململانێی نیوان ئێران و ئیسرائیل هەمیشە بەردەوام دەبێت و هەرگیز کۆتایی نایەت.

جێگری فەرماندەی گشتیی سوپای پاسداران لە کۆتایی قسەکانیدا گوتی: ئەگەر ئەمەریکا و وڵاتانی دیکەی دوژمنی ئێران، پشتیوانیی ئیسرائیل بکەن، بێگومان ئەگەری دەستدرێژیی دووبارە هەیە. بەڵام با هەمووان لەوە دڵنیا بن کە ئەمجارەش گورزێکی گەورەیان بەردەکەوێت، وەک چۆن لە کاتی جەنگی 12 ڕۆژەدا، ئێمە بە تەنیا بەرەنگاریان بووینەوە و لە کوتایدا ئەوان ناچار بوون دەستیان هەڵبڕن و داوای ئاگربەست بکەن. 

 

 
Fly Erbil Advertisment