هۆکاری پچڕانی کارەبای عێراق چی بووە؟

ئەندامێکی لێژنەی وزە و کارەبا لە پەرلەمانی عێراق ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات، کار لەسەر ئەوە دەکرێت لەکاتێکی نزیکدا کارەبا بگەڕێتەوە دۆخی ئاسایی؛ هاوكات وەزارەتی کارەبای عێراق ئاماژە بەوە دەکات، بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما و هاتنی ژمارەیەکی زۆری زیارەتکاری ئێرانی خواستی لەسەر کارەبای نیشتیمانی زیاد کردووە.

ئامانج هەرکی، ئەندامی لێژنەی وزە و کارەبا لە پەرلەمانی عێراق لەبارەی دۆخی کارەبای عێراق بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت: هۆکاری پچڕانی کارەبا لە عێراق بەهۆی هەبوونی شۆرته‌وه‌ بووە لە هێڵی گواستنەوەی، كۆمپانیای گشتیی گواستنه‌وه‌ی وزه‌ی كاره‌با/ فوڕاتی ناوه‌ڕاست.

ئامانج هەرکی ئاماژەی بەوەدا، کار لەسەر ئەوە دەکرێت لە کاتێکی نزیکدا پچڕانی کارەبا چارە بکرێت، بەڵام نازانرێت کاتی چەند پێویستە بۆ ئەوەی بگەڕێتەوە دۆخی ئاسایی، هەروەها پچڕانی کارەبا تەواوی پارێزگاکانی عێراقی گرتووەتەوە.

لەلایەکی دیکەوە، وەزارەتی کارەبای عێراق لە ڕاگەیانراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، وەزارەتی کارەبا لە هەوڵدایە بۆ ئەوەی بەزووترین کات پچڕانی کارەبا چارە بکات، هەروەها بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما و بەهۆی ئەوەی ژمارەیەکی زۆری زیارەتکار سەردانی کەربەلایان کردووە و خواست لەسەر بەکارهێنانی زۆر زیادی کردووە.

پچڕانی کارەبا لە عێراق هاوکاتە لەگەڵ ئەوەی هەزاران زیارەتکاری ئێرانی سەردانی پارێزگای کەربەلایان کردووە بۆ بەشداریكردن لە چلەی ئیمام حوسێن.

کاتژمێر چواری ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە، لە تەواوی پارێزگاکانی عێراق کارەبا پچڕا و هەر زوو، عەزیز ئەحمەد، جێگری بەرپرسی نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: هەرێمی کوردستان ئامادەیە لە چارەکردنی کێشەی کارەبای عێراق هاوکار بێت، هەر وەکوو ئەوەی ئێستا ئەو کێشەیەمان لە هەرێمی کوردستان چارە کردووە.

 
 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment