مادۆنا بۆ پاپای ڤاتیکان: پێش ئەوەی درەنگ بێت، سەردانی غەززە بکە
"وەک دایکێک بەرگەی بینینی ئازاری منداڵانی غەززە ناگرم"

گۆرانیبێژی بەناوبانگی ئەمەریکا مادۆنا، داوای لە پاپای ڤاتیکان لیۆی چواردەم دەکات، سەردانی غەززە بکات، دەشڵێت، پیش ئەوەی درەنگ بێت، دەبێت هاوکاریی منداڵانی غەززە بکات.
مادۆنا لویز سیکۆن، ئەستێرە و گۆرانیبێژی بەناوبانگی ئەمەریکا لە ئینستاگرام نووسیویەتی "وەک دایکێک بەرگەی بینینی ئازار ناگرم، منداڵانی جیهان هی هەموو کەسێکن. تۆ تاکە کەسیت لە ئێمە کە ناتوانرێت ڕێگری لە چوونە ژوورەوەت بکرێت."
تاوەکوو ئێستا پاپای ڤاتیکان هیچ وەڵامێکی لەسەر پۆستەکەی مادۆنا نەداوەتەوە.
پاپا لیۆی چواردەم لە مانگی ئایاری ڕابردوودا لە جێگای پاپا فرانسیس دەستبەکاربوو، هەروەها یەکەم پاپای لەدایکبووی ئەمەریکایە و 267مین پاپایە لە مێژووی کەنیسەی کاسۆلیکیدا.
پاپا لیۆ چەند جارێک هەڵوێستی خۆی سەبارەت بە قەیرانی بەردەوام و برسیەتی خەڵکی غەززە دەربڕیوە. هەفتەی ڕابردووش لە میانەی ڕێوڕەسمی "یۆبیلی گەنجان" لە ڕۆما، پاپا لیۆ هاوسۆزی خۆی بۆ ئەو منداڵانە دەربڕی کە لە غەززە تووشی ئازار بوون.
هه‌ینی، 8ـی ئابی 2025، وەزارەتی تەندروستیی فەڵەستین ڕایگه‌یاند، ژماره‌ی كوژراوانی فه‌ڵه‌ستینی له كه‌رتی غه‌ززه له ئه‌نجامی هێرشه‌كانی سوپای ئیسرائیل گه‌یشتووه‌ته 61 هه‌زار و 330 كه‌س.
وەزارەتی تەندروستیی فەڵەستین ئاماژەی بەوەش کرد، له ئه‌نجامی ئه‌و هێرشانه‌دا، 152 و 359 هاووڵاتی دیكه‌ی كه‌رتی غه‌ززه بریندار بوونه.
پێنجشه‌ممه، 7ـی ئابی 2025، بنیامین ناتانیاهۆ، سه‌رۆك وه‌زیرانی ئیسرائیل له چاوپێكه‌وتنێكی تایبه‌ت له‌گه‌ڵ تۆڕی (فۆكس نیوز)ـی ئه‌مه‌ریكی پێداگری خۆی بۆ ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی كه‌رتی غه‌ززه دووپات كرده‌وه و گوتی: دوای ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی غه‌ززه، به‌ڕێوه‌بردنی كه‌رته‌كه به هێزه عه‌ره‌بییه‌كان ده‌سپێرن.