ئەورووپا داواکارە ئۆکرانیا بڕیار لە چارەنووسی خۆی بدات

یەکێتیی ئەورووپا پشتیوانیی لە ڕۆڵ و هەوڵەکانی سەرۆکی ئەمەریکا، دۆنالد ترەمپ دەکات، بۆ وەستاندنی جەنگی ڕووسیا و ئۆکرانیا و داوا دەکات، حکوومەتی ئۆکرانیا و ئۆکرانییەکان بڕیار لە چارەنووسی خۆیان و وڵاتەکەیان بدەن.
یەکێتیی ئەورووپا ئەمڕۆ سێشەممە، 12ی ئابی 2025، لە ڕاگەیەندراوێکدا، جەختی کردەوە کە ئاشتی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا، پێویستە لەسەر بنەمای ڕەچاوکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکانەوە بەدیبێت و نابێت بە هیچ شێوەیەک بە زۆرەملێ دەستکاریی سنووری نێوان وڵاتان بکرێت.
هەروەها ڕایگەیاندووە، دەبێت چارەنووسی ئۆکرانیا بەدەست ئۆکرانییەکان بێت و بەبێ وەستاندنی جەنگ ناکرێت هیچ دانووستانێک بکرێت.
هەر لە ڕاگەیەندراوی ڕێکخراوەکەدا هاتووە، ئاسایشی ئۆکرانیا کاریگەری ڕاستەوخۆی بەسەر ئاسایشی ئەورووپاوە هەیە و دەبێت ڕەچاوی هەر بڕیارێکی چارەنووسساز بکرێت .
یەکێتیی ئەورووپا جەخت دەکاتەوە، وەک ڕێکخراوەیەکی یەکگرتوویی ئەورووپی و ئەمەریکا و وڵاتانی دیکەی هاوشێوە لە بیرکردنەوە، لە پاڵپشتی بەردەوامی دارایی و مرۆیی و دبلۆماسیی و سەربازیی ئۆکرانیا بەردەوام دەبن، ڕاشیگەیاندووە، ئەورووپا پاڵپشتی تەواوی مافە ڕەواکانی ئۆکرانیا دەکات لە هەڵبژاردنی چارەنووسی خۆی.
ئەو بەیاننامەی وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا جگە لە هەنگاریا، سێ ڕۆژ بەر لە کۆبوونەوەی ترەمپ و پوتن دێت، کە بڕیارە لە ئەلاسکا بەڕێوەبچێت بۆ بڕیاردان لەسەر چارەنووسی جەنگی سێ ساڵەی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا.