تورکیا داوا لە هەسەدە دەکات پابەندی ڕێککەوتنی دیمەشق بێت

وەزارەتی بەرگریی تورکیا ڕایگەیاند، یاداشتی لێکتێگەیشتنی تورکیا و سووریا بۆ مەشق و ڕاوێژکاری سەربازییە، هەروەها پاڵپشتی خۆی بۆ یەکپارچەیی خاکی سووریا دووپاتکردەوە و داوای لە هێزەکانی سووریای دیموکرات دەکات، پابەندی ڕێککەوتنی دیمەشق بێت.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 14ـی ئابی 2025، وەزارەتی بەرگریی تورکیا ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە تێێدا هاتووە، پێشبینی دەکات هێزەکانی سووریای دیموکرات پابەندی ڕێککەوتنامەی یەکگرتن لەگەڵ حکوومەتی سوریا بن، ئاماژەی بەوەش کرد، ڕاگەیەندراوی 'جیاوازبوونەوە' کە هەسەدە لە 8ـی ئاب بڵاویکردەوە، پێچەوانەی ئەو ڕێککەوتنەیە کە لەگەڵ دیمەشق واژۆکراوە.

وەزارەتی بەرگریی تورکیا ئەوەشی ڕاگەیاندووە، حکوومەتی سوریا بەرنامەی ەمەلایەنە و یەکگرتوو بە ئامانجی کۆتاییهێنان بە دابەشکاریی نەتەوەیی و ئایینی و تائیفی سووریا نیشانداوە، هەڵسوکەوتی ئیستفزازی و دابەشکاری هێزەکانی سووریای دیموکرات ڕێگری لەم پرۆسەیە دەکات.

ڕوونیشی کردەوە، بانگەوازەکانی حکوومەتی سووریا بۆ "یەک دەوڵەت، یەک سوپا" زۆر گرنگە بۆ بەدیهێنانی ئاشتی و سەقامگیریی سووریا لە ناوچەکەدا، جەختیشیکردەوە، چاوەڕوانی پابەندبوون و جێبەجێکردنی ئەو ڕێککەوتنەی لە نێوان دیمەشق و هەسەدە لە 8ـی ئاداردا واژۆکراوە دەکەین، بۆ بەشداریکردن لە بنیاتنانی سووریایەکی سەقامگیر و ئاشتیخواز و ئاسایشی دوور لە تیرۆر.

وەزارەتی بەرگریی تورکیا دووپاتی کردەوە، هەر لەسەرەتاوە بەرگریان لە یەکێتی سیاسی و یەکپارچەیی خاکی سووریا کردووە و بەردەوامیش دەبن لە پاڵپشتیکردنیان، دەشڵێت: واژۆکردنی یاداشتنامەی دوێنێی لێکتێگەیشتنی هاوبەش بۆ ڕاهێنان و ڕاوێژکاریی سەربازیی لەگەڵ سووریا، هەنگاوێکی گرنگە لە نێوان هەردوو وڵاتدا.

هەینی 8ـی ئابی 2025، کۆنفرانسی "یەکێتی پێکهاتەکان" لە حەسەکەی ڕۆژئاوای کوردستان، بە بەشداری کورد و عەلەوی و درووزەکان و پێکهاتەکانی دیکەی سووریا بەڕێوەچوو، لە کۆنفرانسەکەدا بەیاننامەیەکی هاوبەش بڵاوکرایەوە و تێیدا داوای داڕشتنی دەستوورێکی دیموکراسی نوێ کرا کە گەرەنتی فرەیی و بەشداریی سیاسی دادپەروەرانە بۆ هەموو پێکهاتەکانی وڵاتەکە بکات، هەروەها سیستەمێکی لامەرکەزی دابمەزرێنێت کە ڕێز لە کولتووری و جوگرافیای پێکهاتەکان بگرێت.

وەک کاردانەوەیەکیش بۆ داواکانی کۆنفرانسی حەسەکە، 9ـی ئابی 2025، حكوومه‌تی سووریا كشانه‌وه‌ی خۆی له‌ گفتوگۆ و دانوستانه‌كان له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی سووریای دیموكرات له‌ پاریس ڕاگه‌یاند. ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ی حکوومەتی سووریا  وه‌ڵامێك بوو بۆ كۆنفرانسه‌كه‌ی کورد و پێكهاته‌كانی دیكه‌ی سووریا كه‌ لە حه‌سه‌كه‌ی ڕۆژئاوای کوردستان به‌ڕێوه‌ چوو، تێیدا داوای ده‌وڵه‌تێكی لامه‌ركه‌زی و دانانی ده‌ستوورێكیان كرد كه‌ ده‌سته‌به‌ری فره‌یی ئیتنیكی، ئایینی و ڕۆشنبیریی بكات.

 
Fly Erbil Advertisment