ئیسرائیل وێستگەیەکی کارەبای لە باشووری سەنعا بۆمباران کرد

هێزی ئاسمانیی ئیسرائیل وێستگەیەکی کارەبایان لە سەنعا و کەمپی حەفایان لە چیای نوقم بۆمباران کرد. 

یەکشەممە، 17ـی ئابی 2025، ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز ڕایگەیاند "بەرەبەیانی ئەمڕۆ، دەنگی دوو تەقینەوەی گەورە لە سەنعای پایتەختی یەمەن بیستراوە، لە کاتێکدا میدیا خۆجێیەکان بڵاویان کردەوە، هێرشی ئاسمانی ئیسرائیل وێستگەی کارەبای حەزیزی لە باشووری سەنعا بۆمباران کردووە."

ڕۆیتەرز لە زاری شایەتحاڵانەوە بڵاوی کردەوە بەرەبەیانی ئەمڕۆ، گوێیان لە دەنگی لانیکەم، دوو تەقینەوەی گەورە بووە لە نزیک وێستگەی کارەبای حەزیزی لە باشووری سەنعا.

لە یەکەم لێدوانی فەرمیدا، حەزام ئەسەد، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی حووسییەکان، لە تویتێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نووسیویەتی "ئیسرائیل، تەنیا پەلاماری دامەزراوە خزمەتگوزارییەکان و شوێنە مەدەنییەکان وەک وێستگەی کارەبا، ئاو دەدات."

هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر یەمەن لە تەممووزی 2024 دەستی پێ کرد و زیاتر بۆ سەر دامەزراوە پیشەسازیی و ئابوورییە گرنگەکانە، لەوانە بەندەری حودەیدە و فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سەنعا.

لە بەرانبەردا، حووسییەکان، بۆ پشتیوانی لە غەززە، بە مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرش دەکەنە سەر ئیسرائیل و هەروەها پەلاماری کەشتییە بازرگانییەکان لە دەریای سوور دەدەن.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment