وەزیری ناوخۆی ئێران: تا ئێستا یەک ملیۆن و 200 هەزار ئەفغانستانی ئێرانیان بەجێ هێشتووە

وەزیری ناوخۆی کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕایگەیاند، تا ئێستا یەک ملیۆن و 200 هەزار هاووڵاتیی ئەفغانستانی ئێرانیان بەجێ هێشتووە و گەڕاندنەوەی پلەبەندی دوو ملیۆن هاووڵاتی نایاسایی لە کارنامەی حکوومەتدایە.
دووشەممە، 18ـی ئابی 2025، ئەسکەندەر موئمینی، وەزیری ناوخۆ، لە میانی بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەیەکی پسپۆڕی بۆ تاوتوێکردنی دۆخی هاووڵاتیانی بیانی و بەڕێوەبردنی سنوورەکانی وڵات، لە شاری مەشهەد، بە ڕۆژنامەنووسانی گوت: یەکێک لە بەرنامە سەرەکییەکانی وەزارەتی ناوخۆ، تاوتوێکردنی پرۆسەی داخستنی سنوورەکان و ڕێکخستنی کاروباری هاووڵاتیانی نایاساییە، کە ئەمڕۆ ئێوارە لە کۆبوونەوەیەکدا بە ئامادەبوونی دامودەزگا نیشتمانییەکان و نوێنەری پارێزگاکان، لە مەشهەد تاوتوێ دەکرێت.
وەزیری ناوخۆ، ئاماژەی بە قەبارەی زۆری هاتوچۆ لە سنوورەکانی ڕۆژهەڵاتی وڵاتەوە کرد و ڕایگەیاند: زۆرترین دەرچوون لە سەرتاسەری وڵاتدا لە سنوورەکانی پارێزگای خۆراسانی ڕەزەوییەوە دەکرێت. تەنیا لە ساڵی ڕابردوودا زیاتر لە یەک ملیۆن و دووسەد هەزار کەس لەم ڕێگەیەوە هاتوچۆیان کردووە، کە زیاتر لە 70%یان ناسێنراون و ناسنامەیان دیاری کراوە.
موئمینی، بە جەختکردنەوە لەسەر پێویستیی بەڕێوەبردنی کاروباری کۆچبەران، گوتی: بەپێی پلانی داڕێژراو، لە هەنگاوی یەکەمدا گەڕاندنەوەی نزیکەی دوو ملیۆن هاووڵاتیی نایاسایی کە بەبێ بەڵگەنامەی یاسایی هاتوونەتە ناو وڵاتەوە، لە کارنامەدایە. لە ئێستادا زیاتر لە 6 ملیۆن هاووڵاتی ئەفغانستان لە ئێران نیشتەجێن و بێگومان، بەڕێوەبردنی ئەم ژمارەیە پێویستی بە هاوکاریی جیددی نیشتمانی و نێودەوڵەتی هەیە.
وەزیری ناوخۆ ئاماژەی بەوەش کرد "بەرنامەی وەزارەتی ناوخۆ لەسەر ئەوەیە کە گەڕاندنەوەی هاووڵاتیانی نایاسایی بە شێوەیەکی مرۆڤانە و پاراستنی ڕێزی دراوسێکان بکرێت. تێڕوانینی ئێمە بۆ ئەم پرسە، تێڕوانینێکی نیشتمانی و مرۆییە و هەر لەم چوارچێوەیەشدا سەرۆکی ناوەندی کاروباری هاووڵاتیان لێرە ئامادەیە تا لێکۆڵینەوەی پێویست لەم بوارەدا بکرێت.
موئمینی گوتیشی: بەڕێوەبردنی سنوورەکان تەنها بە کۆکردنەوەی توانستە نیشتمانییەکان و هەماهەنگیی هەموو دامودەزگاکان سەردەگرێت. ئێمە لەم ڕێگەیەدا بایەخ بە ئەزموونی وڵاتانی دیکەش دەدەین، چونکە پرسی کۆچ و هاتوچۆی هاووڵاتیانی بیانی تەنها تایبەت بە ئێران نییە و هەموو وڵاتان ڕووبەڕووی ئەم کێشەیە دەبنەوە.
پرۆسەی بەزۆر ناردنەوەی ئەفغانەکانی دانیشتووی ئێران، لە لایەن ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و میدیاکانەوە ڕووبەڕووی ڕەخنە بووەتەوە، چونکە بە گوێرەی ڕاپۆرتی پەیامنێرانی سەربەخۆ، ئەفغانەکان، بە شێوەیەکی نەگونجاو و لە بارودۆخێکی سەختدا دەنێردرێنەوە ئەفغانستان.