كۆمیسیۆن: 470 كاندید له هه‌ڵبژاردنه‌كان دوورخراونه‌ته‌وه

كۆمیسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق ئاماژه به دوورخستنه‌وه‌ی زیاتر له 450 كاندیدی هه‌ڵبژاردنی خولی داهاتووی په‌رله‌مان ده‌كات؛ هاوکات میکانیزمی گۆڕین و دوورخستنەوەی کاندیدەکان لە هەڵبژاردنەکان ڕوون ده‌كاته‌وه.
سێشه‌ممه، 19ـی ئابی 2025، حەسەن قەباس، ئەندامی تیمی ڕاگەیاندنی کۆمیسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق گوتی، ژماره‌ی كاندیده دوورخراوه‌كان له هه‌ڵبژاردنی خولی داهاتووی په‌رله‌مان، گه‌یشتووه‌ته 470 كاندید.
حەسەن قەباس ڕوونیشی کردەوە، بەپێی یاسا، دوای ئەوەی کاندید یان لایەنەکە ئاگادار دەکرێتەوە لە بڕیاری دوورخستنه‌وه‌یان، سێ ڕۆژ مۆڵەت دەدرێت بە پارته‌كه‌ی بۆ گۆڕینی کاندیدی دوورخراوە و دانانی كه‌سێكی دیكه له شوێنی، هه‌روه‌ها کاندیدی دوورخراوه مافی ئەوەی هەیە لە بەردەم دەستەی دادوەری تانە لە بڕیارەکە بدات.
چوارشەممە، 13ـی ئابی 2025، ڕائید حه‌مدان مالیكی، ئه‌ندامی لێژنه‌ی یاسایی پەرلەمانی عێراق گوتی، یاسای لێپرسینه‌وه و دادپه‌روه‌ری تایبه‌ت به ڕیشه‌كێشكردنی به‌عس، كارا كراوه.
ڕائید حه‌مدان مالیكی ئاماژه‌ی به‌وه كردبوو، بۆ یه‌كه‌م جاره یاسای ژماره‌ی 12ـی ساڵی 2018ـی هه‌مواكراوی تایبه‌ت به دوورخستنه‌وه‌ی توێژێكی زۆری تاوانباران ته‌نانه‌ت ئه‌وانه‌شی یاسای لێخۆشبوو‌ن ده‌یانگرێته‌وه، كارا ده‌كرێت و جێبه‌جێ ده‌كرێت.
ڕائید حه‌مدان ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كردبوو، له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌م یاسایه، تا ئێستا 400 كاندیدی خولی داهاتووی په‌رله‌مان دوور خراونه‌ته‌وه.
هاوكات مه‌شعان جبووری، سیاسه‌تمه‌داری عێراقی باسی له‌وه كردبوو، 253 كاندید به‌هۆی ئه‌ندامبوونیان له حزبی به‌عسی هه‌ڵوه‌شاوه، له كاندیدبوون دوور خراونه‌ته‌وه و 16 كه‌سی دیكه كه كاندیدی دیارن و په‌رله‌مانتار و كه‌سایه‌تیی ناسراون، هه‌فته‌ی داهاتوو بڕیار له دۆسیه‌كانیان ده‌درێت.
9ـی نیسانی 2025، نووسینگەی ڕۆژنامەوانیی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ بڵاوی کردبووەوە، ئەنجوومەنی وەزیران بە زۆرینەی دەنگ، 11-11-2025ـی وەکوو ڕۆژی هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق دیاریی کرد.