جیهادی ئیسلامی: مقاوەمە هەرگیز ملکەچی فشارەکانی ئیسرائیل نابێت

بزووتنەوەی جیهادی ئیسلامیی فەڵەستین، لە بەیاننامەیەکدا جەختی کردەوە کە سەرجەم گرووپەکانی مقاوەمە بە هەموو توانایانەوە ڕووبەڕووی ئیسرائیل دەبنەوە و زیانێکی قورسی پێ دەگەیەنن.
چوارشەممە، 20ـی ئابی 2025، بزووتنەوەی جیهادی ئیسلامیی فەڵەستین، لە بەیاننامەکەیدا ڕایگەیاند "ڕاپۆرتی میدیاکان دەربارەی پەسەندکردنی پلانی داگیرکردنی شاری غەززە لەلایەن وەزیری جەنگی ئیسرائیلەوە، دەرخەری ئەو ڕاستییەن کە ئیسرائیل بەربەست و ئاستەنگ لەبەردم ئاگربەستی غەززە دروست دەکات."
لە بەیاننامەکەدا هاتووە "هەموو ئەو بیانووانەی کە ئیسرائیل بۆ پاساودانی دەستدرێژییەکانی دەیهێنێتەوە، بیانووی پووچەڵن و ناتوانن ڕاستییەکان بشارنەوە."
جیهادی ئیسلامی جەختی کردەوە "ئەگەر ئیسرائیل وا گومان دەبات کە گرووپەکانی مقاوەمە لەژێر فشاری سەربازیدا بە پێشنیازە نوێیەکەی میسر و قەتەر ڕازی بوونە، ئەوا زۆر بە هەڵەدا چووە."
جیهادی ئیسلامیی فەڵەستین، لە کۆتایی بەیاننامەکەیدا دەڵێت "ئیسرائیل ناتوانێت لە ڕێگەی دەستدرێژی و پەلاماردانی خەڵکی سڤیلەوە بارمتەکانی دەست بکەوێتەوە."