بەغدا و لەندەن لەسەر دیپۆرتکردنەوەی پەناخوازە عێراقییەکان ڕێککەوتن
عێراق و بەریتانیا گەیشتنە ڕێککەوتنێک سەبارەت بە دیپۆرتکردنەوەی ئەو پەناخوازە عێراقییانەی بە شێوەیەکی نایاسایی لە بەریتانیا نیشتەجێن و مافی مانەوەیان نییە.
ڕێککەوتنەکە ڕۆژی سێشەممە، 19ـی ئابی 2025، لە نێوان عومەر بەرزنجی، بریکاری وەزارەتی دەرەوەی عێراق و بەرپرسانی وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا واژۆ کراوە.
دلۆڤان عیمادەددین، پەیامنێری کوردستان24 لە لەندەن ڕایگەیاند، لە بنەڕەتدا ڕێککەوتنەکە بۆ دوایین سەردانی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ لەندەن و کۆبوونەوەی لەگەڵ کیێر ستارمەر، هاوتا بەریتانییەکەی دەگەڕێتەوە؛ لەو کۆبوونەوەدا هەردوولا لەسەر چەندان بابەت ڕێککەوتن؛ یەکێکیان، مانەوەی پەناخوازە عێراقییەکان بوو لە بەریتانیا.
فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراقیش یاوەری سوودانی دەکرد لە سەردانەکەیدا بۆ لەندەن. ئەو، بە پەیامنێری کوردستان24ـی ڕاگەیاندبوو، ڕێککەوتنەکە تەنیا ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە لە بەندیخانەکانی بەریتانیادان یان تاوانیان ئەنجام داوە؛ بەڵام بەپێی دوایین ڕاگەیەنراو، ڕێککەوتنەکە فراوانترە و هەموو ئەو پەنابەرە عێراقییانە دەگرێتەوە کە بە ڕێگەی نایاسایی چوونەتە ناو خاکی بەریتانیا و مافی پەنابەریەتییان وەرنەگرتووە.
شایەنی باسە حکومەتی بەریتانیا بڕی 800 هەزار پاوەندی بۆ ئەم مەبەستە تەرخان کردووە تا یارمەتی حکومەتی عێراق بدات بۆ پاراستنی سنوورەکان و ڕووبەڕووبوونەوەی قاچاخچێتی. ئەمەش لە کاتێکدایە کە ژمارەی پەنابەرانی عێراقی لە بەریتانیا لە ساڵی 2024دا کەمیکردووە بە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو.
پرسی کۆچ و پەنابەری یەکێکە لە بابەتە گرنگ و ئاڵۆزەکانی نێوان وڵاتانی ئەورووپا و وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. بەریتانیا لەم ساڵانەی دواییدا سیاسەتێکی توندی گرتووەتەبەر بۆ ڕێگریکردن لە کۆچی نایاسایی و گەڕاندنەوەی ئەو پەنابەرانەی کە داواکارییەکانیان ڕەتدەکرێتەوە. ڕێککەوتن لەگەڵ وڵاتانی وەک عێراق، تورکیا، و ئەلبانیا بەشێکن لە ستراتیژییەتە نوێیەکەی حکوومەتی بەریتانیا بۆ کۆنترۆڵکردنی ئەم دیاردەیە.
زۆرترین کۆچبەران لە چ وڵاتێکەوە ڕوو لە بەریتانیا دەکەن؟
بەپێی دوایین ئامارەکان، ئەو کۆچبەرانەی کە بە شێوەی نایاسایی یان وەک پەناخواز ڕوو لە بەریتانیا دەکەن، زۆربەیان هاووڵاتی وڵاتانی ئاسیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستن.
پێنج وڵاتی سەرەکی کە زۆرترین داواکاری مافی پەنابەریان لە بەریتانیا پێشکەش کردووە بریتین لە:
- پاکستان
- ئەفغانستان
- ئێران
- بەنگلادیش
- سووریا
کۆچبەرانی ئەم پێنج وڵاتە نزیکەی یەک لەسەر سێی کۆی گشتی داواکارییەکانی مافی پەنابەری پێکدەهێنن.
کۆچبەرانی بەلەمەکان:
سەبارەت بەو کۆچبەرانەی کە لە ڕێگەی بەلەمی بچووکەوە لە کەناڵی ئینگلیز دەپەڕنەوە، دیسانەوە هاووڵاتیانی چەند وڵاتێکی دیاریکراو زۆرینە پێکدەهێنن. لە نێوان مانگی نیسانی 2024 و ئازاری 2025، لە هەر 10 کۆچبەرێکی بەلەمەکان، شەشیان خەڵکی ئەم پێنج وڵاتە بوون:
1. ئەفغانستان (15%)
2. سوریا (11%)
3. ئێریتیریا (11%)
4. ئێران(11%)
5. سودان (8%)
پێشتر هاووڵاتیانی ئەلبانیا ژمارەیەکی بەرچاویان لە کۆچبەرانی بەلەمەکان پێکدەهێنا، بەڵام بەهۆی ڕێککەوتنی نێوان بەریتانیا و ئەلبانیا، ژمارەیان بە شێوەیەکی بەرچاو کەم بووەتەوە.
ژمارە و ئامارەکان:
- لە ساڵی 2024دا، بەریتانیا 84,200 داواکاری مافی پەنابەری وەرگرتووە کە 108,100 کەسی لەخۆگرتبوو، ئەمەش بەرزترین ژمارەیە کە تا ئێستا تۆمار کرابێت.
- لە ساڵی 2024، نزیکەی 15%ی ئەو کۆچبەرانەی گەیشتوونەتە بەریتانیا پەناخواز و پەنابەر بوون.
- لە ساڵی دارایی 2023/24، تێچووی سیستەمی پەنابەری لە بەریتانیا گەیشتە 5.4 ملیار پاوەند.