دوای جەنگی 12 ڕۆژە، لێشاوی کۆچکردنی ئێرانییەکان بۆ دەرەوەی وڵات زیادی کردووە

ئێرانییەکان پلەی دووەمیان گرتووە لە کڕینی خانوو و یەکەی نیشتەجێبوون لە تورکیا

بە گوێرەی ڕاپرسییەک، لە دوای جەنگی 12 ڕۆژەی ئێران - ئیسرائیل، زیاتر لە %15ی دانیشتووانی تاران بیر لە کۆچکردنی هەمیشەیی دەکەنەوە و بە گوێرەی داتا و ڕاپۆرتی دەستەی ئاماری تورکیاش، ئێرانییەکان لە پلەی دووەمی کڕینی موڵک و خانوون لە تورکیا.

ڕاپرسییەکە، لەلایەن ناوەندی ڕاپرسیی قوتابیانی ئێران (ئیسپا) کراوە و ئیبراهیم شێرعەلی، سەرۆکی ناوەندەکە، لە کۆبوونەوەی پسپۆڕیی "شاری تاران و پرسی خۆڕاگری، تێڕوانینێک بۆ ئەزموونی جەنگی 12 ڕۆژە" ئەنجامەکانی ئەم توێژینەوەیەی ڕاگەیاند و گوتی: هەرچەندە جەنگەکە کورت بوو، بەڵام توندوتیژ بوو، کە تارانی وەک ناوەندی سیاسی و پایتەختی وڵات کردە ئامانج و زیانێکی زۆری بە ژێرخانە گشتییەکان، یەکەکانی نیشتەجێبوون و هاووڵاتیان گەیاند.

ڕاستییەکی تاڵ

شێرعەلی گوتیشی: پێویستە ئەو ڕاستییە قبووڵ بکەین، ساڵانێکە تاران و دەوروبەری لە دۆخێکی نائاسایی و پڕمەترسیی جۆراوجۆردا دەژین؛ لەوانە ئابووریی ناجێگیر، کێشەی ژینگە و پیسبوونی هەوا، گەشەی نازانستی و هەڕەمەکیی دانیشتووان، هەژاری و نایەکسانی، قەیرانی نیشتەجێبوون و کرێچێتی، قەیرانی ئاو و کارەبا، قۆرخکاریی کەسی بەسەر بەرژەوەندیی گشتی و چەندان قەیران و گرفتی دیکە بەرۆکی خەڵکی ئێرانیان گرتووەتەوە.

سەرۆکی ناوەندی ڕاپرسیی قوتابیانی ئێران، ئاماژەی بە ئەنجامەکانی ڕاپرسییەکەی ئیسپا کرد و گوتی: بەپێی ئەم ڕاپرسییە کە لە 9 بۆ 11ــی تەممووزی 2025 ، دوای ئاگربەست لەگەڵ کۆمەڵگەی ئاماریی کەسانی سەروو 18 ساڵ لە تاران کرا، 73%ی خەڵک بە توندی نیگەرانی هەڵاوسان و بەرزبوونەوەی نرخەکان بوون و 55% ترسیان لە دووبارەبوونەوەی جەنگ هەیە؛ هەروەها خەڵکی نیگەرانی خۆیان لە پچڕانی ئینتەرنێت و داخستنی کار و کاسبییان وەک کێشە سەرەکییەکانی لە ماوەی جەنگدا ناوبردووە.

بە گوێرەی ئامارەکان، نزیکەی نیوەی بەشدارانی ڕاپرسییەکە گوتیان "لە ئەگەری دووبارەبوونەوەی جەنگدا، بەرگەی دۆخی جەنگ ناگرن و  52.8%یش باسیان لە دۆخی دەروونیی نالەبار و دڵەڕاوکەی توند کردووە. هەروەها 15.3% بیریان لە کۆچی هەمیشەیی و جێهێشتنی تاران دەکەنەوە."

کەمال ئەتهاری، توێژەری ئابووری و گەشەپێدان، بە ئاماژەدان بە ئەزموونی داڕشتنی "بەڵگەنامەی نیشتمانیی بەتواناکردن و ڕێکخستنی نیشتەجێبوونی نافەرمییەکان" گوتی: ئەم بەڵگەنامەیە کە یەکێک بوو لە گرنگترین بەڵگەنامە کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکانی وڵات، نەخرایە ناو پلانی گەشەپێدانەوە و وەزارەتی ڕێگا و شارسازییش بایەخی پێ نەدا.

ئەتهاری پێیوایە "یەکێک لە هۆکارەکانی لەدەستدانی خۆڕاگریی شاری تاران ئەوەیە، کەس بەرگری لە بەڵگەنامە فەرمییەکان ناکات. ئامارەکان دەریدەخەن کە ناوچە نیشتەجێبووە تایبەتەکان بە پاساوئ دادپەروەرییەوە پێنج هێندە فراوانبوون، بەڵام لە ڕاستیدا ئەوە بەرگریکردنە لە سیستەمێکی دژە دادپەروەری."

خۆڕاگریی تاران چۆن لەناوچوو؟

لە ڕاپرسییەکەدا، بە لەبەرچاوگرتنی بواری ئابووری و گەشەپێدان، ڕەخنەی لە سیستەمی کارگێڕی گرتووە و لەم بارەوە، کەمال ئەتهاری گوتی: پشتگوێخستنی زانستی ئابووری، پشتبەستنی زیادەڕۆیانە بە فرۆشتنی زەوی و موڵک بە شێوەی نایاسایی و سیاسەتە هەڵەکانی نیشتەجێبوون، بووەتە هۆی لەدەستچوونی خۆڕاگریی دانیشتووانی تاران و پەکخستنی فرەڕەهەندی ئابووریی وڵات.

بوومەلەرزە، ترسە هەمیشەییەکەی تارانییەکان

پیرۆز حەناچی، سەرۆکی پێشووی شارەوانی تاران، مەترسیی ڕوودانی بوومەلەرزەی وێرانکەری بە هەڕەشەیەکی گەورە لە قەڵەم دا و گوتی: ئێمە هیچ تیمێکی شارەزا و پسپۆڕمان بۆ بەرەنگاربوونەوەی کارەساتی ڕوودانی بوومەلەرزە و فریاکەوتن نییە، جگە لە کەسانی خۆبەخش، کە هیچ پشتیوانییەکی لۆجستیکی و فریاگوزارییان نییە، ئاشکرایە ئەو جۆرە کەسانەش، سەرەڕای دڵسۆزییان، ناتوانن لە کاتی ڕوودانی کارەساتی گەورەی سروشتی ، وەکوو پێویست ئەرکەکانی خۆیان جێبەجێ بکەن؛  لە کاتێکدا لە وڵاتانی دیکە، هێزی تایبەتیی ڕاهینراو و بە کەرەستەی پێویستەوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەەی ئەو کارەساتانە، ئامادە کراون.

حەناچی گوتیشی: دەبێ پێ لەو ڕاستییە بنێین ژێرخانی بیناسازی و شەقامەکانی تاران و تۆڕی گەیاندنی ئاوی تاران، هەرگیز ناتوانن لەبەرانبەر ڕوودانی بوومەلەرزەدا خۆیان ڕابگرن و تەنانەت هەندێک لەوانە هەر لە ئیستاوە کۆن و لەکار کەوتوون.

خەونی کۆچ بۆ دەرەوەی وڵات

بە گوێرەی ماڵپەڕی فەرمیی دەستەی ئاماری تورکیا، تەنیا لە تەممووزی ڕابردوودا، 156 هاووڵاتی ئێرانی خانوو موڵکیان لە شارەکانی ئیستانبوڵ، ئەنتاڵیا و مێرسین کڕیووە، کە زۆرینەی ئەو هاووڵاتییە ئێرانیانە، دانیشتووی تاران و شارە گەورەکانی دیکەی ئێرانن.

داتاکای دەستەی ئاماری تورکیا دەری دەخەن، بارودۆخی جەنگ یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکانی کۆچکردنی خەڵکی وڵاتان و خەڵکی ئێران، پاش خەڵکی ڕووسیا، لە ڕیزبەندی دووەمدا دێن لە کڕینی شوققە و یەکەی نیشتەجێبوون لە شارەکانی تورکیادا.

کۆچی ئێرانییەکان، بە تایبەتی دانیشتووانی تاران، بەرەنجامی ترس و نادڵنیایی ئابووری و ناسەقامگیرییە پاش جەنگی 12 ڕۆژە، بە ڕادەیەکی بەرچاو زیادی کردووە و ئەوانەی توانای کۆچیان بۆ دەرەوەی وڵاتەکە نییە، پەنا بۆ شار و ناوچە کشتوکاڵییە دورە دەستەکان دەبەن.

ڕیزبەندی هاووڵاتیانی بیانی بۆ کڕینەوە و خانوو و یەکەی نیشتەجێبوون -دەستەی ئاماری تورکیا-

 

 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment