لەنێو کاندیدە دوورخراوەکانی هەڵبژاردن 14 دادوەری پێشووی تێدایە

یەکەم جارە لە عێراق ژمارەیەک کاندیدی هەڵبژاردن دووردەخرێنەوە، کە کەسایەتیی و سیاسیی و بەناوبانگی تێدایە، بگرە هەندێک لەو دوورخراوانە ئێستا ئەندامی پەرلەمانی عێراقە.
دیلان بارزان، پەیامنێری کوردستان24 لە بەغدا گوتی: کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان هەندێک ڕێکاریی بۆ خۆ پاڵاتن داناوە، کە نابێت پێشینەی تاوانی هەبێت، تێوەنەگلابێت لە گەندەڵی دارایی، هەروەها کەیسی شەرەفی لە دادگاکان لەسەر تۆمار نەکرابێت یان پەیوەندی نەبێت بە حزبی بەعسی ڕووخاو، ئەوە سیڤییەکەی بۆ کۆمسیۆن دەنێرێت، دواتر کۆمیسیۆن هەموو فەرمانگە و وەزارەتەکانی حکوومەتی عێراق ئاگادار دەکاتەوە ئەگەر دۆسیەکەی هەبێت بۆی یەکلایی بکرێتەوە.
ئاماژەی بەوەش دا، لەناو ئەو 500 کاندیدە دوورخراوەی ئەمساڵ 14 یان پێشتر دادوەر بوونە، ناتوانن خۆیان بەربژێر بکەن چونکە پێشتر کەیسیان لە دادگا هەبووە، یەکێک لەوانە دادوەر وائیل عەبدولەتیفە کە بەناوبانگە لە عێراق، لەدوای 2003ەوە ئەندامی ئەنجوومەنی حوکم بووە و پارێزگای بەسرەش بووە، بەڵام کۆمیسیۆن ڕایگەیاندووە کە ناتوانێت بەشدار بێت و خۆی کاندید بکات.
دەشڵێت: دادوەر هەیە لەبەر ئەوەی بەتۆمەتی شەرەف سکاڵای لەسەر تۆمار کراوە، دوورخراوەتەوە، بۆیە ئەو دادوەرانەی دوورخراونەتەوە بەتۆمەتی جۆراوجۆر بووە، وەک 'شەرەف، گەندەڵی دارایی و ئابووری. هەروەها ژمارەیەکی زۆر لە کەسایەتییە سیاسییەکانیش دوورخراونەتەوە وەک 'نەجم جبوری، ئەحمەد جبوری و جەواد بولانی کە پێشتر وەزیری ناوخۆی عێراق بووە و ئێستاش پەرلەمانتارە.
چوارشممە 20ـی ئابی 2025، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا باسی لەوەکرد؛ ئەو پارت و هاوپەیمانێتییانەی کاندیدەکانیان دوورخراونەتەوە، ماوەی سێ ڕۆژیان لەبەردەستە بۆ جێگرتنەوەی کاندیدە دوورخراوەکانیان، لە کاتێکدا بەسەدان کاندید بە تۆمەتی جیاواز لە کێبرکێی هەڵبژاردن دوورخراونەتەوە.
بە گوێرەی ڕاگەیەنراوەکەی کۆمیسیۆن هەر کاندیدێک لە دوای 4ـی مانگی ئەیلوولی داهاتووەوە دووربخرێتەوە، هیچ جێگرەوەیەکی بۆ دانانرێت، چونکە کۆمیسیۆن لە ڕووی هونەرییەوە توانای نییە لە دوای ئەو ڕێکەوتە جێگرەوە دابنێت.
سێشهممه، 19ـی ئابی 2025، حەسەن قەباس، ئەندامی تیمی ڕاگەیاندنی کۆمیسیۆنی باڵای ههڵبژاردنهكانی عێراق گوتی، ژمارهی كاندیده دوورخراوهكان له ههڵبژاردنی خولی داهاتووی پهرلهمان، گهیشتووهته 470 كاندید.
هەروەها مهشعان جبووری، سیاسهتمهداری عێراقی ڕایگەیاندبوو، 253 کاندید بههۆی ئهندامبوونیان له حزبی بهعسی ههڵوهشاوه، له كاندیدبوون دوور خراونهتهوه و 16 كهسی دیكه كه كاندیدی دیارن و پهرلهمانتار و كهسایهتیی ناسراون، ههفتهی داهاتوو بڕیار له دۆسیهكانیان دهدرێت.
9ـی نیسانی 2025، نووسینگەی ڕۆژنامەوانیی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ بڵاوی کردبووەوە، ئەنجوومەنی وەزیران بە زۆرینەی دەنگ، 11-11-2025ـی وەکوو ڕۆژی هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق دیاریی کرد.