ئەنجوومەنی وەزیران نووسراوی خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی دەرکرد

دیناری عێراقی و دۆلاری ئەمەریکی
دیناری عێراقی و دۆلاری ئەمەریکی

ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق نووسراوی خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانی ئاراستەی وەزارەتی دارایی کرد. 

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە دیلان بارزان، پەیامنێری کوردستان24 لە بەغدا ڕایگەیاند، ئەمڕۆ پێنجشەممە، 21ـی ئابی 2025، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق نووسراوی خەرجکردنی مووچەی مانگی حوزەیران (شەش)ـی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانی ئاراستەی وەزارەتی دارایی فیدراڵ کردووە. 

ئەم بڕیارەی ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدراڵ لە کاتێکدایە، دوێنێ چوارشەممە، 20ـی ئابی 2025، شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا، لەگەڵ تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق کۆبووەوە و ڕادەستکردنی داهاتی نانەوتییان تاوتوێ کرد. 

ئەندامێکی شاندەکەی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی ڕاگەیاندبوو "بەرەوپێشچوونی باش لەکۆبوونەوەکان هەبووە و دەمانەوێت لە ماوەی هەفتەیەکدا لەسەر پرسی داهاتی نانەوتی بگەینە ڕێککەوتن."

بڕیارەکەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لەبارەی خەرجکردنی مووچە

دوێنێ سێشەممە، 19ـی ئابی 2025، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق کۆبووەوە و دواتر لە ڕاگەیەنراوێکدا ڕایگەیاند،  ئەنجوومەنەکە بڕیاری داوە بە شێوەیەکی بنەڕەتی رەزامەندی لەسەر نوێکردنەوەی کارکردن بە بڕیاری ژمارە (550)ی ساڵی 2025 بدات، بۆ دابینکردنی پارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بۆ مانگی حوزەیران، دوای رەچاوکردنی ئەم خاڵانەی خوارەوە:

1. ئەو لیژنانەی بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی ڕادەستکردنی داهاتی نانەوتی و هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان پێکهێنراون، کارەکانیان تەواو بکەن، بە مەرجێک هەریەکەیان کۆنووسێکی واژۆکراو لە ماوەی هەفتەیەکدا، پێشکێشی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بکەن.

2. ئەو تیمەی بەپێی بڕگەی دووەم پێکهێنراوە، لە ماوەی هەفتەیەکدا کارەکانی تەواو بکات، بە ژماردنی پشکی گەنجینەی گشتیی فیدراڵی لە داهاتە نانەوتییەکانی هەرێمی کوردستان بەگوێرەی یاسا. هەروەها حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەو پشکە بدات لەبری ئەو بڕە پارەیەی کە لە بڕگەی (دووەم/1)ـی بڕیارەکەدا ئاماژەی پێکراوە، بە مەرجێک میکانیزمی ژماردنەکە لەلایەن وەزارەتی دارایی فیدراڵی و دیوانی چاودێریی دارایی فیدراڵییەوە پەسند کرابێت.

3. حکوومەتی هەرێمی کوردستان، کۆمپانیاکانی نەوت کە لە هەرێمی کوردستان کاردەکەن، پابەند بکات بە رادەستکردنی ئەو نەوتەی بەرهەم دێت، بەگوێرەی بڕگەکانی یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵی و بڕیاری ژمارە (550)ـی ساڵی 2025ـی ئەنجوومەنی وەزیران.

 
 
Fly Erbil Advertisment