دیوانی چاودێری دارایی: هەر بڕگەیەک لە یاسای بودجە لە بەرژەوەندی هەرێم بێت بەغدا جێبەجێی ناکات

بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی چاودێری دارایی ڕایگەیاند: چاوەڕوان دەکرێت حکوومەتی هەرێم و حکوومەتی عێراق لە داهاتوویەکی نزیکدا لەسەر زۆربەی کێشەکان بگەنە ڕێککەوتن.

د. محەممەد زراری بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی چاودێری دارایی، ئەمڕۆ پێنجشەممە، 21ـی ئابی 2025، بە کوردستان24ـی گوت: بڕینی بودجەی هەرێمی کوردستان کێشەکانی قووڵکردەوە، هیچ کێشەیەک نییە لەنێوان هەولێر و بەغدا چارەسەر نەبێت، هەروەها هەر لە یاسای بودجە دا هاتووە، 50٪ـی داهاتی باجەکان بۆ هەرێمی کوردستان و 50٪ـی بۆ حکوومەتی عێراقە، بەڵام هەر بەگوێرەی هەمان یاسا مەرج نییە سەرجەم داهاتەکان بە حکوومەتی عێراق بدرێت.

محەممەد زراری، ئاماژەی بەوە کرد، بەگوێرەی یاسا پشکی هەرێمی کوردستان دیاریکراوە و هەر بڕگەیەک لە یاسای بودجە لە بەرژەوەندی حکوومەتی عێراق دابێت جێبەجێی دەکات و ئەگەر لە بەرژەوەندی هەرێمی کوردستان دابێت جێبەجێ ناکرێت.

بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی چاودێری باسی لەوە کرد، بە‌غدا زۆربەی داهاتەکان بە سیادی دادەنێت و حکوومەتی هەرێمی دەیەوێت گرفتەکان لەگەڵ بەغدا چارەسەر بکات، حکوومەتی هەرێم تەواوی داواکارییەکانی بەغدای جێبەجێکردووە، هەروەها بەغدا هیچ کێشەیەکی لەگەڵ بابەتی هەژماری من نییە.

هەروەها دەشڵێت، چاوەڕوان دەکرێت لە داهاتوویەکی نزیکدا لەسەر زۆربەی پرسەکان لەگەڵ بەغدا بگەینە ڕێککەوتن و هیچ بەربەستێک لە بەردەم نەناردنی مووچەی مانگی حوزەیران نییە، یەکشەممەی داهاتوو جارێکی دیکە سەردانی بەغدا دەکەینەوە.

 
Fly Erbil Advertisment