هێشتا ئاگری دارستانەکانی مەریوان کۆنترۆڵ نەکراوە

بەڕێوەبەری گشتیی سەرچاوە سروشتییەکانی کوردستان ڕایگەیاند: هەوڵەکان بۆ کۆنترۆڵکردنی ئاگری دارستانەکانی مەریوان، هێشتا بەردەوامە.

بەهزاد شەریفی پوور، بەڕێوەبەری گشتیی سەرچاوە سروشتییەکانی کوردستان، بە ئاژانسی ئیرنای گوت: ئاگری دارستانەکانی گوندەکانی بناوچڵە و دەرەوەران کۆنترۆڵ کراوە، بەڵام سووتانی دارستانەکانی گوندەکانی هانە شێخان و ئەنجیران بەهۆی لێژایی زۆر و سەختیی ڕێگاکەوە، هێشتا بەردەوامە.

شەریفی پوور گوتی: لە ڕۆژانی ڕابردوودا بەهۆی هەڵکردنی بای بەهێز، کاری تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە و خەڵکی خۆبەخش بۆ کوژاندنەوەی ئاگرەکە سەخت بووە؛ ئێستا هەموو خەم و سەرنجی ئێمە لەسەر ئەوەیە کە کەسانی ناشارەزا نەچنە ناو ئاگرەکەوە و تووشی کێشە نەبن، چونکە بەهۆی پلەی گەرمی سەرووی 40 پلە و بای بەهێز، ڕێڕەوی ئاگرەکەمان بۆ دیاری ناکرێت.

بەڕێوەبەری گشتیی سەرچاوە سروشتییەکان کوردستان گوتیشی: لە ڕێگەی بەڕێوەبەرایەتیی قەیرانەکانی پارێزگای سنەوە داوای هێلیکۆپتەرمان کردووە کە ئەمڕۆ گەیشتووە و بۆ کوژاندنەوەی ئاگرەکە، دەست بە کار دەبێت.

شەریفی پوور، ئاماژەی بەوەش کرد کە 50 تیم لە هێزەکانی سەرچاوە سروشتییەکان و زیاتر لە 60 کەسی خۆبەخش،  هەوڵی کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە دەدەن.

بەڕێوەبەری گشتیی سەرچاوە سروشتییەکانی کوردستان ئاماژەی دا بەوەی "هێشتا ڕێژەی زیانەکان نەخەمڵێنراوە و دوای کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە، لێکۆڵینەوە دەکرێت و هۆی کەوتنەوەی ئاگرەکەش دەستنیشان دەکرێت."

 
 
Fly Erbil Advertisment