ڤیدیۆ: کچانی ئەکاد و سەنحاریب چاویان لە ناسناوی خولی عێراقە

رۆژی دووشەممە 25ـی ئابی 2025 رکابەرییەکانی قۆناغی کۆتایی خولی بالەی خانمانی عێراق لە هەولێر بەڕێوەدەچێت. خانمانی یانەی ئەکاد خاوەنی ناسناوی وەرزی رابردووی خولەکە، بە مەبەستی پارێزگاری کردن لە ناسناوەکە، خۆیان بۆ یارییەکانی ئەم قۆناغە ئامادەکردووە.
خانمانی یانەی ئەکاد لە قۆناغی یەکەمی خولی باڵەی عێراق کە لە پارێزگای هەڵەبجە بەڕێوەچوو، ئاستێکی باشیان پێشکەش کرد و لە کۆتاییدا، وەکو پێشەنگی کۆمەڵەکەی گەیشتنە قۆناغی کۆتایی پاڵەوانێتیەکە.
لە تیپی خانمانی یانەی ئەکاد زۆربەی یاریزانەکانی وەرزی رابردوو لەگەڵ یانەکەیان بەردەوامن و بۆ ئەم وەرزە، تەنها دوو یاریزانی نوێ پەیوەندیان بە پاڵەوانی وەرزی رابردوو کردووە.
لە قۆناغی کۆتایی خولی باڵەی یانەکانی عێراق، شەش یانە رکابەری لەسەر بەدەستهێنانی ناسناوەکە دەکەن، لە هەر رۆژێکیش سێ یاری دەکرێت و لە یەکەم یاریش، خانمانی یانەی ئەکاد رووبەڕووی خانمانی یانەی ئەمانەی بەغدا دەبنەوە.
لەلایەکی دیکەوە تیپی خانمانی یانەی سەنحاریب، ئەوانیش ئامادەکاری بۆ قۆناغی کۆتایی خولی نایابی عێراق دەکەن و ئەوانیش هەموو ئامانجیانە جارێکی دیکە ناسناوی خولەکە ببەنەوە. کچانی یانەی سەنحاریب بێ ئەوەی تووشی هیچ دۆڕانێک بن، قۆناغی یەکەمی پاڵەوانێتیەکەیان تێپەڕاندووە.