ئەندامانی گاردی نیشتمانی لە واشنتن چەکدار کران

سوپای ئەمەریکا ڕایگەیاند، هێزەکانی گاردی نیشتمانی کە لەسەر داوای سەرۆک دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە چوارچێوەی هەڵمەتی بەرەنگاربوونەوەی تاوان، لە واشنتن بڵاو کراونەتەوە، لە ڕۆژی یەکشەممەوە چەکیان هەڵگرتووە.

سوپا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند "درەنگانی شەوی 24ی ئابی 2025، ئەندامانی هێزی تایبەتیی هاوبەش لە واشنتن، دەستیان بە هەڵگرتنی چەکی خزمەتگوزاری کردووە".

لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوە کراوە "ڕێگە بە سەربازانی ئەو هێزە نادرێت چەک بەکار بهێنن مەگەر تەنیا لە وەڵامی هەڕەشەی کوشتن، یان زیانیپێگەیاندنی جەستەیی سەختدا".

دۆناڵد ترەمپ، بەر لە بڵاو کردنەوەی هێزەکانی گاردی نیشتمانی لە شەقامەکانی واشنتن، لە هەفتەی ڕابردوودا گوتی: واشنتن پڕ بووە لە تاوان، ئەم هەڵمەتە فیدراڵییە دواتر شاری شیکاگۆ و نیویۆرکیش دەگرێتەوە، کە هەردووکیان لەلایەن دیموکراتەکانەوە بەڕێوە دەبرێن.

بەرپرسێکی وەزارەتی بەرگریی ئەمەریکا ڕۆژی هەینی ڕایگەیاندبوو، ئەو هێزەی پشتیوانی لە ئەرکی کەمکردنەوەی ڕێژەی تاوان لە پایتەختی وڵاتەکەماندا دەکەن، بەم زووانە بە چەکەوە ئەرکەکانیان جێبەجێ دەکەن".

لەگەڵ دەستپێکردنی گەیشتنی هێزەکان، سوپا ڕایگەیاندبوو "چەکەکان لە کاتی پێویستدا بەردەست دەبن."

 ئێستا زیاتر لە 1900 ئەندامی گاردی نیشتمانی لە واشنتن بڵاو کراونەتەوە. ئەم هێزانە، لە پایتەخت خۆیەوە کە زۆرینەی دانیشتووانەکەی دیموکراتن و ویلایەتەکانی ژێر دەسەڵاتی کۆمارییەکانەوە هاتوون، وەک ڤێرجینیای ڕۆژئاوا، کارۆلاینای باشوور، ئۆهایۆ، میسیسیپی، لویزیانا و تێنسی.

سیاسەتمەدارە کۆمارییەکان و لە سەرووی هەموویانەوە ترەمپ، دەڵێن "پایتەختی فیدراڵی بەدەست بڵاوبوونەوەی تاوان، ڕێژەیەکی بەرزی لانەوازان و بەڕێوەبردنی دارایی خراپەوە گیرۆدەیە."

بەڵام، داتاکانی پۆلیسی واشنتن نیشانی دەدەن، لە نێوان ساڵانی 2023 و 2024دا کەمبوونەوەیەکی بەرچاو لە تاوانە توندوتیژەکاندا هەبووە.  وەزارەتی داد لە مانگی کانوونی دووەمدا ڕایگەیاند "بە پشتبەستن بە داتاکانی پۆلیس، کۆی گشتیی تاوانە توندوتیژەکان لە ساڵی 2024دا لە ویلایەتی کۆلۆمبیا (واشنتن) بە ڕێژەی 35% لەچاو ساڵی 2023 کەم بووەتەوە، ئەمەش نزمترین ئاستە لە ماوەی زیاتر لە 30 ساڵی ڕابردوودا".

لە بەرانبەردا، ترەمپ، موریل باوزەر، سەرۆکی شارەوانیی واشنتنی بە "پێشکەشکردنی ژمارەی درۆ و نادروست لەبارەی تاوانەوە" تۆمەتبار کرد. هەروەها هەڕەشەی هەنگاوی توندتری کرد، لەوانە سەپاندنی دەسەڵاتی فیدراڵی بەسەر شارەکەدا، ئەگەر سەرۆکی شارەوانی، لەسەر ئەو کارەی بەردەوام بێت.

 

 
 
Fly Erbil Advertisment