پێچەوانەی هەرێمی کوردستان لە پارێزگاکانی عێراق مامەڵە بە دۆلاری کۆن ناکرێت

ماوەی زیاتر لە ساڵێکە لە پارێزگاکانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق، مامەڵە بە دۆلارە کۆنە ڕەنگ سپیەکەوە ناکەن، نە کڕین و فرۆشتن نە حەواڵە، ئەگەر وەریشی بگرن لە هەر 10 هەزار دۆلارێک واتا دەفتەرێک ، 100 هەزار دینار کەمتر وەری دەگرن، بەڵام لە هەرێمی کوردستان لە دەفتەرێک تەنیا 20 بۆ 25 هەزار جیاوازیەکەیەتی.

بەو هۆیەوە زۆربەی دۆلاری سپی و چاپی کۆن لە پارێزگاکانی دیکەی عێراق دەهێنرێتە هەولێر و لێرە مامەڵەی پێوە دەکرێت ئەمەش هەندێک جار دەبێتە مایەی زیان بۆ هاووڵاتییان و بازرگانان.

زیاتر لە 20 ساڵە مامەڵە بە دراوەوە دەکات، زیاتریش کاری حەواڵەی دۆلارە بۆ باشوور و ناوەڕاستی عێراق، بە گوتەی ئەو تەنیا دۆلارە ڕەنگ شینەکەیان دەوێت.

غازی سەعدی، ئەنجوومەنی بازاری دۆلار بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، لە ناوچەکانی سنووری حکوومەتی عێراق، دۆلاری کۆن وەرناگرن، ئەگەر وەریشی بگرن بە جیاوازییەکی زۆر وەریدەگرن، گوتیشی: ئەوان لە مامەڵەی کڕین و فرۆشتنی خانوو و ئۆتۆمبێلیش دۆلاری سپی وەرناگرن، ئەمەش کیشەی بۆ ئێمە دروست کردووە.

گوتیشی: داوا لە حکومەتری عێراق دەکەین لێپێچینەوە بکات، چونکە دۆلارەکە هیچ کێشەی نییە، لەهەرێمی کوردستانیش جیاوازی پێ ناکرێت، تەنیا لای ئەوان جیاوازی هەیە.  

دۆلارە ڕەنگ سپیەکە و ناسراو بە دۆلارە کۆنەکە، لە کۆنترین چاپی 1996 و دواین چاپی 2006ـە و تاوەکوو ئێستاش لە هەرێمی کوردستان مامەڵەی پێوە دەکرێت.

بەڵام دۆلارە نوێیە ڕەنگ شینەکە، لە ساڵی 2009ەوە چاپ کراوە،  لە بازارەکان مامەلەی ئاسانترە بەهۆی ئەوەی کەمترین ساختەی تێدا دەکرێت و چاپەکانیش هەمووی نوێیە دواین چاپیشی ساڵی 2017یە. 

کەیفی خۆشناو، گوتەبێژی بازاری دراوی بۆرسەی هەولێر دەڵێت: بۆ ئەوەی بازاڕ نەوەستێت، ئێمە کردوومانەتە نیو بە نیو، واتە ئەگەر 10 هەزار دۆلار بفرۆشین پێنج هەزار دۆلار شینە و پێنج هەزار دۆلار سپییە، ئەمەش بەهەمان نرخی بازاڕە و هیچ جیاوازی نییە.

ئەوەی وای کردووە دۆلارە ڕەنگ سپییەکە کەمتر مامەڵەی پێوە بکرێت چاپی نوێی دۆلار و مامەڵە نەکردنیەتی لە وڵاتانی دراوسێی بەتایبەتی ئێران و تورکیا.

 
 
Fly Erbil Advertisment