وەزارەتی دەرەوەی ئێران تۆمەتەکانی ئوسترالیا ڕەت دەکاتەوە

ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوە ئێران، دەربارەی هەواڵی دەرکردنی باڵیۆزی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ئوسترالیا و هەنگاوە بەرانبەرەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، گوتی: بە شێوەیەکی سروشتی، هەر کاردانەوەیەکی نەشیاو و ناڕەوا لەسەر ئاستی دیپلۆماسی، وەڵامێکی بەرانبەری بەدواوە دەبێت. ئەمە پێشهاتێکی نوێیە و هاوکارانم خەریکی لێکۆڵینەوەن لە بابەتەکە و بڕیاردانن سەبارەت بە شێوازی وەڵامدانەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران.
سێشەممە، 26ـی ئابی 2025، ئیسماعیل بەقایی، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا، ئاماژەی بەوە کرد "لە بنەڕەتدا چەمکێک بە ناوی دژایەتیی جوو و ئەنتی-سێمیتیزم لە کولتوور، مێژوو و ئایینی ئێمەدا جێگەیان نابێتەوە. ئەم بابەتە و ئەم دیاردەیە، دیاردەیەکی ڕۆژئاوایی و ئەورووپییە. ئەگەر سەیری مێژوو بکەن، ئازاردانی جووەکان بەهۆی ئایینەکەیانەوە بابەتێکە پەیوەندیی بە ئەورووپاوە هەیە؛ و ئەوان دەبێت وەڵامدەری ڕابردووی مێژوویی خۆیان بن، کە تا ئەمڕۆش بەردەوامە. بەداخەوە لەم بوارەدا، هەمیشە پەنا بۆ چەواشەکاری دەبەن تا سیاسەتە دژە ئێرانییەکانی خۆیان پاساو بدەن."
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: وا دەردەکەوێت ئەم بڕیارە، بەرەنجامی گۆڕانە ناوخۆیییەکانی ئوسترالیا بێت.
بەقایی گوتیشی: لە ماوەی دوو هەفتەی ڕابردوودا، ئێمە شایەتحاڵی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیی گەورە بووین لەو وڵاتەدا، وەک ڕەخنەیەک لە کۆمەڵکوژیی خەڵکی فەڵەستین لە غەززە. هەندێک لە سیاسەتمەدارانی ئوسترالیایی ڕەخنەیان ئاراستەی ئیسرائیل کرد؛ ئەمەش زۆر بە دەگمەن لە ئوسترالیا ڕوو دەدات.. وا دەردەکەوێت هەنگاوە نوێیەکەی ئوسترالیا دژی ئێران، کە لە ڕاستیدا هەنگاوێکە دژی دیپلۆماسی و دژی پەیوەندیی نێوان هەردوو گەل، قەرەبووکردنەوەی ئەو ڕەخنە بچووکانەیە کە هەندێ سیاسەتمەداری ئوسترالیایی بەرانبەر ئیسرائیل وروژاندبوویان.