سلێمان موحسین: نزیکەی 40 خولەک لەگەڵ لاهور شێخ جەنگی گفتوگۆمان کرد

شاندێکی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ، لە گرتووخانەی کانی گۆمە سەردانی لاهور شێخ جەنگییان کرد. لەو بارەیەوە بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی پەیوەندییەکان و ڕاگەیاندنی دەستەکە گوتی: نزیکەی 40 خولەک لەگەڵ لاهور گفتوگۆمان کرد و دۆخی تەندروستی باش بوو.
سێشەممە 26ـی ئابی 2025، شاندێکی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە گرتووخانەی کانەی گۆمەی ئاسایشی سلێمانی، سەردانی لاهور شێخ جەنگی، سەرۆکی بەرەی گەل و سەرجەم دەستگیرکراوانی ڕووداوەکەی لالەزاری کرد.
سلێمان موحسین سندی، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی پەیوەندییەکان و ڕاگەیاندنی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: نزیکەی 40 خولەک لەگەڵ لاهور شێخ جەنگی گفتوگۆیان کردووە، دۆخی تەندروستیی باش بوو، داوای چەند پەرتووکێکی لە ئاسایش کردبوو، ئەوانیش پەرتووکەکانیان بۆ هێنابوو.
بە پێی زانیارییەکانی بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی پەیوەندییەکان و ڕاگەیاندنی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ، کە لەگەڵ لاهور شێخ جەنگی گفتوگۆی کردووە، لاهور پێی ڕاگەیاندووە، تا ئێستا هیچ ئازار و ئەشکەنجەیەک نەدراوە، هەروەها ئاسایش هیچ ڤیدۆیەکی دانپێدانانی تۆمار نەکردووە.
ئەو بەڕێوەبەرە گشتییەی دەستەی مافی مرۆڤ، ئاماژەی بەوە کرد، لاهور شێخ جەنگی داوای بینینی پارێزەرەکەی کردووە، پێشبینی دەکات بتوانێت لە ماوەی دوو ڕۆژی داهاتوودا چاوی بە پارێزەرەکەی بکەوێت، هەروەها لاهور وەک خۆی ڕاگەیاندووە، بە ڤیدیۆ لەگەڵ خێزانەکەی قسەی کردووە.
لە بارەی ژمارەی ئەندامەکانی هێزی دووپشک کە دەستگیر کراون، سلێمان موحسین سندی گوتی: بە پێی ئاماری ئاسایشی سلێمانی 163 کەس لە ئەندامانی ئەو هێزە دەستگیر کراون، سەردانی ئەوانیشمان کرد و لە نزیکەوە گفتوگۆمان لەگەڵیاندا کرد، بە گشتی دۆخی تەندروستییان باش بوو.
ئاسایشی سلێمانی، ئاماری کوژراوانی ڕووداوەکەی لالەزاری داوەتە دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ، لەو بارەوە سلێمانی موحسین، ڕایگەیاند: بە پێی ئەو ئامارانە 5 کەس لە ئەجامی ئەم ڕووداوە کوژراون.
درەنگانی شەوی پێنجشەممە 21ـی ئابی 2025، هێزێکی زۆری یەکێتی کە پێکهاتبوون لە (کۆماندۆ، ئاسایش و دژەتیرۆر) بەرەو لالەزار شوێنی نیشتەجێبوونی لاهور شێخ جەنگی، سەرۆکی بەرەی گەل جوڵەی پێ کرا و چواردەوری شوێنەکەیان گەمارۆ دا.
بەرەبەیانی هەینی 22ـی ئابی 2025، شەڕ و پێکدادان لە نێوان هێزەکانی یەکێتی و هێزی دووپشکی سەر بە لاهور شێخ جەنگی ڕوویدا، دوای ڕووبەڕووبوونەوەیەکی توندی چەکداری کە بۆماوەی چەند کاتژمێرێک بەردەوام بوو، لە ئەنجامدا سێ ئەندامی هێزەکانی یەکێتی کوژراون و 19ـی دیکەش بریندار بوون، هەروەها لاهور شێخ جەنگی و پۆڵادی براشی دەستگیر کران.