خراپ بەڕێوەبردنی ئاو هەڕەشە لە شارستانییەتی ئێران دەکات

عیسا کەلانتەری، سەرۆکی پێشووی ڕێکخراوی ژینگەپارێزی و وەزیری پێشووتری کشتوکاڵی ئێران دەڵێت "خراپ  بەڕێوەبردنی سەرچاوەکانی ئاو هەڕەشە لە شارستانییەتی حەوت هەزار ساڵەی ئێران دەکات، هاوکات ڕەخنەی توند لە سیستەمی کشتووکاڵی وڵاتەکەی دەگرێت و دەڵێت: لە دەرەوەی ستانداردی جیهانیی کشتوکاڵیی ئاویدایە.

کەلانتەری، لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی دیدەبانی ئێران، پەیامێک ئاراستەی سیاسەتدانەرانی بواری ئاوی ئێران دەکات و دەڵێت: ڕاوێژکاران و بەڵێندەرانی ئاو و هاوکارەکانیانن کە سیاسەتەکانی وەزارەتی وزە دەسەپێنن، ئایا دەکرێت هەموو ڕووبارەکانمان وشک بکەین و بەنداو دروست بکەین؟

وەزیری پێشوتری کشتوکاڵ، لە قسەکانیدا بەشێک لە پرۆژەکانی دروستکردنی بەنداو بە مافیای بەنداوسازی لە ئیران ناو دەبات و ئاماژەی داوە "ئەمە لە لاوازیی سیاسەتدانەرانی ئاوی وڵات سەرچاوە دەگرێت، چونکە زۆربەی کات بەرژەوەندیی کەسیی خۆیان خستووەتە پێش بەرژەوەندیی نیشتمانی." 

هەروەها بەڵێندەرانی جێبەجێکاری پرۆژەکان بە تاوانباری سەرەکیی قەیرانی بێئاوی ئێران ناو دەبات و دەڵێت: بڕیاردەرانی ئێمە زۆر خوێندەوارییان نییە و تەنیا دروشمی کۆمەڵایەتی و پۆپۆلیستی دەدەن، گوایە فڵانە شار پێویستی بە ئاوە یان فڵانە شار پێویستی بە پەرەپێدانی کشتوکاڵە.

ئێران بووە بە وڵاتێکی بێئاو

کەلانتەری، دەربارەی قەیرانی ئاو دەڵێت: هەموو شتێک ڕێژەییە. ئەو کاتەی دانیشتوانی ئێران 50 ملیۆن کەس بوو، ئێمە وڵاتێکی کەمئاو بووین و ئێستا  کە ژمارەی دانیشتووان گەیشتووەتە نزیکەی نزیکەی 100 ملیۆن کەس، دەتوانین بڵێین ئێران وڵاتێکی بێئاوە. ئەگەر هەر بەم ڕێژەیە لە بەکارهێنانی ئاو و بەفیڕۆدانیدا بەردەوام بین و شێوازی بەڕێوبردنی ئاو نەگۆڕین، بێگومان شارستانییەتی ئێران لەبەردەم هەڕەشەیەکی مەترسیدارە.  زیاتر لە 30 ساڵە هۆشداری دەدەم، ئێمە وڵاتێکی کەمئاوین، بەڵام هیچ کەسێک گوێ نادات و هەمان سیاسەتە کۆنەکان دووبارە و چەند بارە دەکەنەوە.

%100ـی ئاوی وڵات لە دەستی وەزیری وزەدایە

وەزیری پێشوتری کشتوکاڵ گوتیشی: بەپێی یاسا هەڵەکەی دابەشکردنی دادپەروەرانەی ئاو، پەسەندکراوی ساڵی 1982، واتە زیاتر لە چوار دەیەی ڕابردوودا، سەدا سەدی بەڕێوەبردن و سەرپەرشتیی ئاو لە دەسەڵاتی وەزارەتی وزەدا بووە. بۆیە وەزارەتی وزە و وەزیرەکانی لەم ماوەیەدا، بەتایبەتی لە سێ دەیەی ڕابردوودا، دەبێت وەڵامدەرەوەی دۆخی ئەمڕۆ بن، لە کاتێکدایە ئەم وەزارەتە پاراستن و پاسەوانیکردنی ئاوی بە تەواوی لەبیر کردووە. هەر بۆیە، ئێستا گەیشتووینەتە ئەم دۆخە قەیراناوییەی بەڕێوەبردنی سەرچاوە ئاوییەکان.

پاراستنی سەرچاوەکانی ئاو لە ئێران بە تەواوی فەرامۆش کراوە

عیسا کەلانتەری، ڕەخنەی لە نەبوونی پلان بۆ پاراستنی ئاوی ژێرزەوی گرت و گوتی: وەزارەتی وزە لە دەیەکانی ڕابردوودا بیری لە پاراستنی ئاو نەکردووەتەوە و بەردەوام بەدوای بەرهەمهێنان و بەکارهێنانی ئاوەوە بوون. پاراستنی سەرچاوەکانی ئاو لە وڵاتدا فەرامۆش کراوە، ئەمە لە کاتێکدایە لە یاسا پەسەندکراوەکەی ساڵی 1982دا، ئەم بابەتەش وەک ئەرکێکی وەزیری وزە ئاماژەی پێ کراوە.
هەروەها، ئەو فشارانەی نوێنەرانی پەرلەمان، بەرپرسانی سیاسی و حوکمڕانان لە دەیەکانی ڕابردوودا دروستیان کردووە، بەردەوام بە ئاراستەی بەرهەمهێنان و بەکارهێنانی زیاتری ئاو بووە، بەبێ ڕەچاوکردنی پاراستنی ئاو و بەبێ ڕەچاوکردنی ئەو بنەمایەی ئاو دەبێت ماددەیەکی نوێبووەوە بێت. هەر ئێستا ساڵانە کەمتر لە 20 ملیار مەتری سێجا ئاو دەچێتەوە ژێرزەویی، بەڵام زیاتر لە 42 ملیار مەتری سێجا لە ئاوی ژێرزەوی بەکار دەهێنرێت، ئەمە واتە وشککردنی سەرجەم ئاوی ژێرزەوی.

هەڵەی سیاسەتی کشتوکاڵی

وەزیری پێشووی کشتوکاڵ، گوتی: ئەگەر بمانەوێت وڵاتەکەمان بپارێزین، دەبێت پێداچوونەوەیەکی زۆر جیددی و ڕیشەیی بە سیاسەتەکانی ئاوی وڵاتەکەماندا بکەین و هاوتەریب لەگەڵ ئەوەدا بڕیاری زۆر گشتی لە کەرتی کشتوکاڵدا بدەین، چونکە ئێران لە دەرەوە ستانداردی جیهانیی کشتوکاڵیی ئاویدایە.

کەلانتەری ڕاشیگەیاند "لە جیهاندا 80%ی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان بە شێوەی دێمی بەرهەم دەهێنرێن. لەو 20%ەشدا کە بە سیستەمی ئاودێری بەرهەم دەهێنرێت، لە بەرانبەر هەر یەک مەتر سێجای ئاو، 1.5 دۆلار بەرهەم دەهێنرێت. بەراوردکردنی ئەم ژمارەیە لەگەڵ بڕی بەروبوومی بەرهەمهاتوو لە ئێراندا، نیشانی دەدات ئێمە ئاومان لە کەرتی کشتوکاڵدا بەفیڕۆداوە، چونکە بەرهەمداریی ئاو لە کەرتی کشتوکاڵی ئێراندا لە کردەوەدا یەک لەسەر پێنجی ستانداردی جیهانییە."

"وەزارەتی وزە بە خەڵک دەڵێت چونکە ئاوی زۆر بەکار دەهێنن، سزاتان دەدەم، بەڵام بۆچی کەس ئەم وەزارەتە سزا نادات کە بۆرییەکانی ئاوی خۆی ڕێک نەخستووە و ساڵانە 300 ملیۆن مەتری سێجا ئاو لە تاران بەم هۆیەوە بەفیڕۆ دەچێت. ئەم ڕووداوە بەهۆی کۆنبوونی بۆرییەکان و بەڕێوەبردنی خراپەوە ڕوو دەدات."

 

 
Fly Erbil Advertisment