نووسراوی ناردنی مووچەی مانگی شەش ڕەوانەی وەزارەتی دارایی عێراق کرا

ئەمیندارێتی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق نووسراوی خەرجکردنی مووچەی مانگی شەشی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانی ڕەوانەی وەزارەتی دارایی فیدراڵ کرد.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 27ـی ئابی 2025، دیلان بارزان پەیامنێری کوردستان24، لە بەغدا، ڕایگەیاند: بڕیارە سبەی وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان بری 120 ملیار داهاتی ناوخۆ بخاتە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ.
سەرچاوەیەکیش بە کوردستان24 ی راگەیاند، کە رەنگە سبەی وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ مووـەی مانگی شەشی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان خەرج بکات.
گوتیشی: هەر کاتێک وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ مووچەی نارد ئەوا راستەوخۆ دەست بە دابەشکردنی مووچە دەکەن.
لە کۆبوونەوەی ئاسایی دوێنێ سێشەممەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق دا، یەکێک لە تەوەرەکان، پرسی مووچەی مانگی حوزەیران (شەش)ـی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و دەستپێکردنەوەی پرۆسەی هەناردەکردنەوەی نەوت بوو.
لە کۆبوونەوەکەدا، تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق ڕاسپێردرا بوو بۆ ئەوەی لە ئەمڕۆ چوارشەممەوە دەست بە ڕێکارەکانی خەرجکردنی مووچەی مانگی شەشی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بکات، نووسراوەکەی ئەمڕۆی ئەمیندارێتی ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدراڵ بۆ وەزارەتی دارایی عێراق ڕێکارێکی دیکەی خەرجکردنی مووچەی مانگی شەشی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانە و چاوەڕوان دەکرێت بەم نزیکانە پارەی پێویست بۆ دابەشکردنی مووچە بخرێتە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق.