ڕەحمان غەریب: دەبێت ڕێکاری یاسایی بۆ دۆسیەی لالەزار بگیرێتەبەر

ڕێکخەری سەنتەری میترۆ له‌باره‌ی رووداوه‌كه‌ی لاله‌زار ڕایگەیاند: شه‌ڕێكی خوێناوی له‌ سلێمانی روویدا و ئاسایش و سه‌قامگیریی شاره‌كانی هه‌رێم به‌یه‌كه‌وه‌ به‌ستراونه‌ته‌وه‌.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 27ـی ئابی 2025، ڕه‌حمان غه‌ریب، ڕێکخەری سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکی لە مافی رۆژنامەنووسان بە كوردستان24، ڕاگەیاند: نابێت کەس بە ڕووداوەکەی لالەزار دڵی خۆشبێت و پێویستە ڕووداوەکە وەک خۆی نیشان بدرێت و هەروەها ئاسایش و سەقامگیریی شارەکانی هەرێم بەیەکەوە بەستراونەتەوە.

ڕێکخەری سەنتەری میترۆ ئاماژەی بەوە کرد، یەکێتیی بە داخستنی کەناڵی زووم هەڵەیەکی گەورەتری کرد و  سەنتەری میترۆ داخستنی کەناڵی زوومی سەرکۆنە کردووە و بە پێشێلکردنی ئازادیی راگەیاندنی دەزانێت.

ڕەحمان غەریب، گوتی: داوایان کردووە کەلوپەلەکانی کەناڵی زووم بگەڕێننەوە بۆ خاوەنەکەی و ڕێگا بدەن ئۆفیسەکەیان بکەنەوە و هەروەها دەبێت ڕێکاری یاسایی بۆ دۆسیەی لالەزار بگیرێتەبەر.

بەرەبەیانی هەینی 22ـی ئابی 2025،  شەڕ و پێکدادان لە نێوان هێزەکانی یەکێتی و هێزی دووپشکی سەر بە لاهور شێخ جەنگی ڕوویدا، دوای ڕووبەڕووبوونەوەیەکی توندی چەکداری کە بۆماوەی چەند کاتژمێرێک بەردەوام بوو، لە ئەنجامدا سێ ئەندامی هێزەکانی یەکێتی کوژراون و 19ـی دیکەش بریندار بوون، هەروەها لاهور شێخ جەنگی و پۆڵادی براشی دەستگیر کران.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment