ڤێتێرنەری دهۆک: 27 گوند بۆ ماوەی 45 ڕۆژ کەرەنتینە کراون

گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی ڤێتێرنەری دهۆک دەڵێت: بۆ ڕێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشی تای خوێنبەربوون ژمارەیەک گوندی پارێزگای دهۆک کەرەنتینە کراون.
سەنا سەلیم، گوتەبێژی ڤێتێرنەری دهۆک، ئەمڕۆ پێنجشەممە، 28ـی ئابی 2025، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت: بەهۆی گومانکردن لە هەبوونی حاڵەتی تای خوێنبەربوون لە سنووری 27 گوندی شارۆچکەی سێمێل، بڕیاردراوە بە کەرەنتینەکردنیان بۆ ماوی 45 رۆژ.
سەنا سەلیم، گوتی: کڕین و فرۆشتنی گۆشت لەو گوندانە بە هەموو شێوەیەک قەدەغەیە تاوەکوو لێژنەکانی تەندروستیی بڕیاری لەسەر دەدەن، چونکە پێویستی بە پشکنینی ورد هەیە و تیمەکانی تەندروستی لەو گوندانە دەبن کە کەرەنتینە کراون، هەروەها ڕێگە نادرێت هیچ ئاژەڵێک لەو گوندانە هاتوچۆ بکەن.
گوتەبێژی ڤێتێرنەری دهۆک ئاماژەی بەوە کرد، چەند ڕۆژێک پێش ئێستا دانیشوویەکی کەمپی دۆمیز پیشەی گۆشتفرۆشیی بووە لە سووریا بەهۆی تای خوێنبەربوونەوە گیانی لەدەستداوە، بۆیە هەموو ئەو کەسانەی بەرکەوتەیان لەگەڵ هەبووە یان گومانیان لی دەکرێت پشکنینان بۆ دەکرێت، ئەو کەسەی گیانی لەدەستداوە کوردی ڕۆژئاوایە و چەند ساڵێکە لە پارێزگای دهۆک دەمێنێتەوە.
لە هەرێمی کوردستان لە دوو مانگی ڕابردوو، تەنیا شەش حاڵەتی تووشبووی بە تای خوێنبەربوون لە هەرێمی کوردستان تۆمارکراون و یەکێک لەوان ئافرەتێکی شاری دهۆک بەهۆی خراپی دۆخی تەندروستیی گیانی لەدەستدا.