زێلێنسکی داوا لە ئەورووپا دەکات بە ڕوونی گەرەنتی ئەمنیی دابڕێژێت

ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا، بە کۆمەڵێک سەرکردەی ئەورووپای ڕاگەیاند، ئۆکرانیا پیویستی بە گەرەنتی ئەمنیی هەیە بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی ئاشتیانە لەگەڵ ڕووسیا.
زێلێنسکی لە دیدارێکی لەگەڵ چەند سەرکردەیەکی ئەورووپی ڕایگەیاند، ئۆکرانیا پێیوایە ڤلادیمێر پوتن سەرۆکی ڕووسیا، تەنیا ئارەزووی درێژەدان بە شەڕی هەیە.
زێلێنسکی جەختی کردەوە، ئۆکرانیا پێویستی بە بناغەیەکی تۆکمە هەیە، بۆ ئەو گەرەنتییە ئەمنییانەی کە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا لەسەری ڕێککەوتوون، کە ماوەی هەفتەیەکە گفتوگۆکان بەردەوامی هەیە.
دەشڵێت: "کاتێک باس لە گەرەنتی ئەمنیی دەکەین، پێویستمان بە وەڵامی ڕوونە. ئەگەر ڕووسیا لە دوای ڕێککەوتنی ئاشتی دەستبکاتەوە بە شەڕ و بگەڕێتەوە، کێ یارمەتیدەرمان دەبێت بۆ بەرگریکردن لە خۆمان لەسەر وشکانی، لە ئاسمان و لە دەریادا؟ و بەڕاستی چۆن دەتوانن بەشداریی شەڕ بکەن؟ داواتان لێدەکەم ڕۆڵی خۆتان دیاری بکەن".
ترەمپ لە هەوڵی ڕێکخستنی کۆبوونەوەی نێوان پوتن و زێلێنسکییە و ڕایگەیاندووە، ئەگەر پێشکەوتن بۆ کۆتاییهێنان بە ململانێکان ئەنجام نەدرێت، ڕەنگە سزای نوێ بەسەر مۆسکۆدا بسەپێنێت.
بڕیارە ئەمڕۆ هەینی، 29ـی ئابی 2025، بەرپرسانی باڵای ئۆکرانیا لە نیویۆرک لەگەڵ بەرپرسانی ئیدارەی ترەمپ گفتوگۆ بکەن.