گەڕانەوەی سزاکانی سەر ئێران چین؟

بەریتانیا و فەرەنسا و ئەڵمانیا 'ناسراو بە ترۆیکای ئەورووپی' پڕۆسەیەکی 30 ڕۆژییان دەستپێکردووە بۆ دووبارە سەپاندنەوەی سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بەسەر ئێراندا، کە بە 'میکانیزمی سناپ باک' ناسراوە، واتا گەڕانەوەی سزاکان. ئەم بڕیارە دوای ئەوە هات، ئێران تۆمەتبار کرا بە پابەند نەبوون بە ڕێککەوتننامەی ساڵی 2015ی ئەتۆمی، کە ئامانج لێی ڕێگریکردن بوو لە پەرەپێدانی چەکی ئەتۆمی لەلایەن ئێرانەوە.

ڕێککەوتنی ئەتۆمی 2015 چی بوو؟

زۆرێک لە وڵاتان گومانیان هەبوو  ئێران هەوڵی بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی دەدات، کە تاران نکوڵی لێدەکات. لە ساڵی 2015، ئێران گەیشتە ڕێککەوتنێک لەگەڵ بەریتانیا، ئەڵمانیا، فەرەنسا، ئەمەریکا، ڕووسیا و چین، بە "پلانی گشتگیری کاری هاوبەش (JCPOA)" ناسراوە. بەپێی ئەم ڕێککەوتنە، سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەمەریکا و ئەورووپا لەسەر تاران هەڵگیران لە بەرامبەر سنووردارکردنی پرۆگرامە ئەتۆمییەکەی. بڕیار بوو ئەم ڕێککەوتنە لە 18ـی تشرینی یەکەمی داهاتوو کۆتایی بێت.

"دووبارە سەپاندنەوەی سزا" چییە؟

بەپێی ڕێککەوتنەکەی 2015، میکانیزمێک هەیە بە ناوی "دووبارە سەپاندنەوەی سزاکان" کە نەتەوە یەکگرتووەکان دەتوانێت دژی ئێران بەکاری بهێنێت. ئەگەر لایەنەکان نەتوانن تۆمەتەکانی 'پابەند نەبوونی گەورە'ی ئێران چارە بکەن، ئەم پڕۆسەیە دەتوانرێت لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکاندا چالاک بکرێت.

ئێستا پڕۆسەکە دەستیپێکردووە، ئەنجوومەنی ئاسایش دەبێت لە ماوەی 30 ڕۆژدا، دەنگ لەسەر بڕیارێک بدات بۆ بەردەوامیدان بە هەڵگرتنی سزاکان لەسەر ئێران. ئەگەر بڕیارەکە پەسەند نەکرێت، ئەوا سەرجەم سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە کۆتایی مانگی ئەیلوولدا، واتە 30 ڕۆژ دوای دەستپێکردنی پڕۆسەکە، دووبارە بەسەر ئێراندا دەسەپێنرێنەوە.

سزاکان چین؟

ئەگەر سزاکان دووبارە بسەپێنرێنەوە، ئەوا هەموو ئەو ڕێوشوێنانەی ئەنجوومەنی ئاسایش لە شەش بڕیاردا لە ساڵانی 2006 بۆ 2010 سەپاندبوونی بەسەر ئێراندا، دەگەڕێنەوە. ئەم سزایانەش بریتین لە:

* قەدەغەکردنی چەک.

* قەدەغەکردنی پیتاندن و دووبارە پرۆسەکردنی یۆرانیۆم.
* قەدەغەکردنی مووشەکی بالیستی توانای هەڵگرتنی چەکی ئەتۆمی.
* سڕکردنی سەرانسەری سەروەت و سامان و قەدەغەکردنی گەشتکردن بۆ تاک و قەوارەکانی ئێران.
* ڕێگەدان بە وڵاتان بۆ پشکنینی گەشتەکانی هێڵی ئاسمانی ئێران و هێڵی گواستنەوەی دەریایی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ کاڵای قەدەغەکراو. 

ڕۆڵی ئەمەریکا، ڕووسیا و چین چییە؟

لە ساڵی 2018، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئێستای ئەمەریکا، وڵاتەکەی لە ڕێککەوتنەکە کشاندەوە و سەرجەم سزاکانی ئەمەریکای بەسەر تاراندا سەپاندەوە. لە بەرامبەردا، ئێران دەستیکرد بە دوورکەوتنەوە لە پابەندبوونەکانی بەپێی ڕێککەوتنەکە.

ڕووسیا و چین، کە هاوپەیمانی ستراتیژی ئێرانن، پێیان وایە ترۆیکای ئەورووپی پڕۆسەی چارەکردنی ناکۆکییەکانیان بەپێی ڕێککەوتننامە ئەتۆمییەکە نەگرتووەتەبەر. ئەوان جەخت دەکەنەوە سێ وڵاتە زلهێزەکە ناتوانن سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان دووبارە بسەپێننەوە، چونکە خۆیان پابەندی ڕێککەوتنەکەی 2015 نەبوون. هەرچەندە ڕووسیا و چین مافی ڤیتۆیان لە ئەنجوومەنی ئاسایشدا هەیە، ناتوانن ڕێگری لە دووبارە سەپاندنەوەی سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بکەن لەسەر ئێران، بەڵام دەتوانن پابەندنەبن بە جێبەجێکردنی سزاکان و ڤیتۆ دژی هەر هەوڵێکی ئەنجوومەنی ئاسایش بۆ سزادانیان بەکاربهێنن.

کارەکانی ئێران و بۆچی ئەمەریکا و ئێران گفتوگۆ ناکەن؟

ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی ڕایگەیاندووە، ئێران "بە خێراییەکی زۆر" یۆرانیۆم دەپیتێنێت بۆ ڕادەیەکی پاکی 60%، کە زۆر نزیکە لە ئاستی 90% بۆ دروستکردنی چەک بەکاردێت. وڵاتانی ڕۆژئاوا دەڵێن؛ هیچ پێویستییەک بە پیتاندنی یۆرانیۆم بۆ ئەم ئاستە بەرزە بۆ مەبەستی شارستانی نییە و هیچ وڵاتێکی دیکە بەبێ دروستکردنی بۆمبی ئەتۆمی ئەم کارەی نەکردووە. ئێران دەڵێت؛ پرۆگرامە ئەتۆمییەکەی ئاشتییانەیە.

گفتوگۆ ناڕاستەوخۆکان لە نێوان تاران و ئیدارەی پێشووی جۆو بایدن، هیچ پێشکەوتنێکی بەدەست نەهێنا. ئەم گفتوگۆیانە لە مانگی حوزەیراندا پاش بۆمبارانکردنی دامەزراوە ئەتۆمی و مووشەکییەکانی ئێران لەلایەن ئیسرائیل و ئەمەریکاوە ڕاگیران.

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment