به‌قاچاغبردنی نه‌وت ئابڕووی عێراقی بردووه و ده‌بێته دێوه‌زه‌مه‌یه‌ك بۆ سزادانی

كه‌رتی نه‌وت له عێراق یه‌كێكه له‌و كه‌رت و بوارانه‌ی له ساڵانی ڕابردوودا زۆرترین ئابڕووچوونی له‌سه‌ر ئاشكرا بووه؛ یه‌كێك له دۆسیه ئابڕووبه‌رانه‌كانیشی تێوه‌گلانی بازرگانێكی به ناوبانگیی عێراق بووه له زۆربه‌ی گه‌نده‌ڵییه‌كان به‌تایبه‌تی به‌كرێدانی زیاتر له چل سه‌كۆ له به‌نده‌ری زوبێر له به‌سره.
سالم ئه‌حمه‌د سه‌عید، ناسراو به ئومێد بازرگانی عێراقی – به‌ریتانی ده‌ستی له چه‌ندان دۆسیه‌ی ئابڕووبه‌رانه‌ی كه‌رتی نه‌وت له عێراق هه‌یه و تێوه‌گلاوه؛ دیارترینیشان به‌كرێدانی 41 سه‌كۆ بووه له به‌نده‌ری زوبێر له پارێزگای به‌سره.
دۆسیه ئابڕووبه‌رانه‌كه‌ی سالم ئه‌حمه‌د سه‌عید زیانی گه‌وره‌ی به كرۆكی سامانه نیشتمانییه‌كانی عێراق گه‌یاندووه و حكوومه‌تی عێراقی له یه‌ك كاتدا خستووه‌ته به‌رده‌م تاقیكردنه‌وه‌ی شه‌فافیه‌ت و سه‌روه‌رییه‌كه‌ی.
به‌كرێدانی 41 سه‌كۆ هه‌ر زوو بووه هۆی ئاشكرابوونی تۆڕێكی نێوده‌وڵه‌تیی به‌قاچاغبردنی نه‌وت و عێراق و تێكه‌ڵكردنی به نه‌وتی ئێران و هه‌نارده‌كردنی به به پسووله و به‌ڵگه‌نامه‌ی ساخته، ئه‌مه‌ش دواتر له لایه‌ن وه‌زاره‌تی گه‌نجینه‌ی ئه‌مه‌ریكاوه له 3ـی ته‌ممووزی ئه‌م ساڵدا به‌دواداچوونی بۆ كرا و سزای به‌سه‌ر سالم ئه‌حمه‌د سه‌عید و كۆمپانیاكانیدا سه‌پاند.
مایه‌ی سه‌رسوڕمانه كه لێكۆڵینه‌وه عێراقییه‌كان كه له مانگی ته‌ممووزی ئه‌م ساڵ له باره‌ی دۆسیه‌كه‌ی سالم ئه‌حمه‌ده‌وه ڕاگه‌یه‌نران، له پڕ به‌بێ هیچ ئه‌نجامێك و لێپرسینه‌وه له‌و كه‌سانه‌ی تێوه‌گلاون داخران. پرسیار ئه‌وه‌یه ئاخۆ هۆكاره ڕاسته‌قینه‌كانی پشت ئه‌م بێده‌نگییه له باره‌ی ئه‌م دۆسیه‌یه چین، هه‌روه‌ها ده‌بێت قه‌باره‌ی فشار و ده‌ستوه‌ردانه هه‌رێمییه‌كان بۆ داخستنی دۆسیه‌كه چه‌ند بن.
سالم ئه‌حمه‌د له ساڵانی ڕابردوودا تۆڕێكی فراوانی له كۆمپانیاكان دامه‌زراندووه كه له عێراق به "له‌شكری سێبه‌ر"، ناسراوه. ئه‌م تۆڕه چه‌ندین كۆمپانیای گواستنه‌وه‌ی نه‌وت و عه‌مباركردن و هه‌نارده‌كردن و كه‌شتیگه‌لی بچووك و مامناوه‌ندیی له‌خۆ گرتووه.
بەگوێرەی بەڵگەنامە دزەپێکراوەکان، کۆمپانیاکانی سالم ئه‌حمه‌د گرێبەستە فەرمییەکانیان وەکوو بەرگێک بۆ ئۆپەراسیۆنە بەرفراوانەکانی قاچاغی بەکارهێناوە و بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش سوودیان له لاوازی ئیداره‌دانی به‌نده‌ره ده‌ریایی و وشكاییه‌كانی عێراق و گه‌نده‌ڵییه‌كان وه‌رگرتووه.
یه‌كێك له كۆمپانیاكانی سالم ئه‌حمه‌د له ساڵی 2021 توانی گرێبه‌ستی ته‌نده‌رێك بۆ به‌كرێدانی 41 سه‌كۆ له به‌نده‌ری خوور زوبێر وه‌ربگرێت، هه‌روه‌ها له‌گه‌ڵ چه‌ند عه‌مبارێكی زه‌مینی بۆ كۆگاكردن و هه‌ڵگرتنی نه‌وتی ڕه‌ش، بەڵام لە سەرەتای دەستپێکردنی كاره‌كانی كۆمپانیاكه، گومانەکان لەسەر تێکەڵکردنی سیسته‌ماتیکی نەوتی ئێران و عێراق لەناو عه‌مباره‌كان ده‌ركه‌وتن، پێش ئەوەی لەژێر ناوی نەوتی فەرمی عێراق هەناردە بکرێتەوە.
لیژنەیەکی پەرلەمانی عێراق لە ساڵی 2022 لە ڕاپۆرتێکی سەرەتاییدا ئاماژەی بەوە کردبوو، "داهاتی کرێی مانگانه‌ی گرێبه‌سته‌كانی كۆمپانیای سۆمۆ زۆر کەمترە لە بەهای بازاڕیان، هەروەها کەلێنێک لە گرێبەستەکە لەگەڵ کۆمپانیای سۆمۆدا هەیە کە ڕێگە بە کۆمپانیای بەکرێدەر دەدات مامه‌ڵه به بڕێکی له ڕاده‌به‌ده‌ر و بێسنووری نه‌وت بكات". هاوكات سه‌رباری ئه‌وه گرێبه‌سته‌كه‌ی كۆمپانیای سۆمۆ له‌گه‌ڵ كۆمپانیاكه‌ی سالم ئه‌حمه‌د به‌رده‌وام بوو، تاوه‌كوو ئه‌مه‌ریكا له سه‌ره‌تای ته‌ممووزی ئه‌م ساڵدا سزای به‌سه‌ر سالم ئه‌حمه‌د و كۆمپانیاكه‌یدا سه‌پاند.
وه‌زاره‌تی گه‌نجینه‌ی ئه‌مه‌ریكا له سه‌ره‌تای مانگی ڕابردوودا سالم ئه‌حمه‌د و ژماره‌یه‌ك له كۆمپانیاكانی خسته ناو لیستی ڕیشه‌وه، تۆمه‌تی به‌قاچاغبردنی نه‌وتی ئێرانی به بڕی چه‌ندین ملیار دۆلار و ساخته‌كردنی به‌ڵگه‌نامه‌ی هه‌نارده‌كردنی نه‌وتی به هاریكاریی به‌رپرسانی عێراقی خسته پاڵ، هاوكات له‌گه‌ڵ ئاراسته‌كردنی تۆمه‌تی دیكه‌ی په‌یوه‌ندیدار به پێدانی به‌رتیل بۆ ئاسانكاری گواستنه‌وه‌ی تانكه‌ره‌كانی نه‌وت به قاچاغ و پاره‌داركردنی تۆڕه‌كانی په‌یوه‌ندیدار به فه‌یله‌قی قودسی سوپای پاسادارانی ئێران.
هه‌روه‌ها سزاكانی وه‌زاره‌تی گه‌نجینه‌ی ئه‌مه‌ریكا بلۆككردنی پاره و ڕێگریكردن له مامه‌ڵه‌ی بازرگانی و له كارخستنی 41 سه‌كۆكه له خزمه‌تگوزارییه‌كانی گرته‌وه، ئه‌مه‌ش گورزێكی ڕاسته‌وخۆ بوو به‌ر سه‌رجه‌م به‌نده‌ره‌كانی عێراق كه‌وت.
لیژنەی دەستپاکی پەرلەمانی عێراق 5ـی ته‌ممووزی ئه‌م ساڵ و له دوای سزاسه‌پێنراوه‌كانی وه‌زاره‌تی گه‌نجینه‌ی ئه‌مه‌ریكا بۆ سه‌ر سالم ئه‌حمه‌د و كۆمپانیاكانی ڕایگه‌یاند، لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی گشتگیرییان له گرێبه‌سته‌كانی ئه‌و بازرگانه عێراقییه ده‌ست پێكردووه، كه گرێبه‌ست له‌گه‌ڵ له كۆمپانیای (VS Oil Terminal) و ڕۆڵی كۆمپانیای سۆمۆ له گواستنه‌وه‌ی تانكه‌ره نه‌وتییه‌كان و داهاتی ڕاستەقینەی گرێبەستەکان بە بەراورد بە تێچوونەکان، هەروەها گومانی قاچاغچێتی لە ڕێگەی بەندەرەکانی وشکایی و دەریاییەوە له‌خۆ ده‌گرێت.
لیژنەکە بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای تانکەری گواستنه‌وه‌ی نەوتی عێراقی بانگهێشت کرد بۆ لێپرسینەوە، بەڵام ئه‌و كات بەهۆی نەخۆشییەوە، ئه‌و به‌ڕێوه‌به‌ره ئامادە نه‌بوو و دواتر بانگهێشتنامە ئاراسته‌ی بەرپرسانی دیکە كرا، بەڵام زۆربەی دانیشتنەکانی لیژنه‌كه له‌گه‌ڵ به‌رپرسان بەهۆی فشاری سیاسییەوە دواخران یان لە ناوەرۆکەکانیان بەتاڵ کرانەوە. ئه‌و كات سه‌رچاوه‌كانی په‌رله‌مانی عێراق جه‌ختیان كردبووه‌وه، دۆسیه‌ی دارایی و کارگێڕی سالم ئه‌حمه‌د، ناو و بڕە پارە و هه‌ژماری بانکیی پەیوەست بە تۆڕه‌كه ناوبراوی لەخۆگرتووە، بەڵام هیچیان ئاشکرا نەکراون.
هه‌ر چه‌نده میدیا و لایه‌نه سیاسییه‌كان فشاری زۆریان دروست كرد بۆ ئه‌وه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌كان به ئه‌نجام بگه‌ن، به‌ڵام ڕێکارەکانی لێکۆڵینەوەكان له لایه‌ن لیژنه‌كه‌وه لەپڕ ڕاگیرا. چاودێران له‌م باره‌وه سێ هۆکاری سەرەکییان خستووەتە ڕوو: "دوورکەوتنەوە لە سزا نێودەوڵەتییەکان، بەو پێیەی ئاشکراکردنی ڕادەی قاچاغچێتی دەتوانێت عێراق بخاتە مەترسییەوە بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا و ئه‌ورووپا سزای لاوەکی به سه‌ریدا بسه‌پێنن". هەروەها بەرپرسانی باڵایان تێوەگلاندووە دوای ئەوەی بەڵگەنامە ناوخۆییەکان ناوی ئەو بەرپرسە حزبی و حکومییانەیان ئاشکرا کردووە کە لە بەرانبەر ئاسانکاری بۆ گرێبەستەکانی سالم ئه‌حمه‌د پارەیان وەرگرتووە. هاوكات ئاماژەیان بە له‌به‌رچاوگرتنی بارودۆخ و هه‌لومه‌رجی سیاسی - هەرێمیی کردووە، بەو پێیەی ئاشکراکردنی دۆسیه ئابڕووبه‌ره‌كه، حکوومەتی عێراق لە بەردەم ئێران‌دا تووشی نیگه‌رانی ده‌كات و کاریگەریی لەسەر هاوسەنگی ناوچەکە ده‌بێت، بەوپێیه‌ی نه‌وته به‌قاچاغبراوه‌كه نه‌وتی ئێران بووه.
چاودێران و شاره‌زایانی سیاسی و ئابووریی عێراقی باس له‌وه ده‌كه‌ن، قاچاغچێتی نەوتی عێراق و تێکەڵکردنی به نه‌وتی ئێران زیان بە ناوبانگی عێراق دەگەیەنێت، هاوكات به‌م هۆیه‌وه چه‌ندین ملیار دۆلار لە داهاتی فەرمی وڵات له ده‌ست ده‌دات. هه‌روه‌ها داخستنی لێکۆڵینەوەکان بەبێ لێپرسینەوە له كه‌سانی تێوه‌گلاو له‌و دۆسیه ئابڕووبه‌ره، متمانە بە پەرلەمان و دەسەڵاتی دادوەری ناهێڵێت. به هه‌مان شێوه مانه‌وه‌ی دۆسیه‌كه وه‌كوو خۆی به‌بێ ئه‌وه‌ی له لایه‌ن دادگا یه‌كلایی بكرێته‌وه، عێراق ڕووبه‌ڕووی سزا لاوەکییەکانی ئەمه‌ریکا و ئەورووپا ده‌کاتەوە.
چاودێران و شاره‌زایانی سیاسی و ئابووریی عێراقی هۆشداری ئه‌وه‌ش ده‌ده‌ن، ئه‌م دۆسیه‌یه لاوازی چاودێریكردن و ئیداره‌دانی به‌ندره‌كانی عێراق ئاشكرا ده‌كات و چاوپۆشیکردن لەم بابەتە، عێراق ڕووبه‌ڕووی فشاری زیاتری دەرەکی ده‌كاته‌وه، بەتایبەتی بەهۆی چه‌ند بەڵگەنامەیەک کە لەبەردەستی ئەمه‌ریکییەکاندایە و ڕادەی قاچاغچێتییەکە دەسەلمێنن و پشتڕاستی ده‌كه‌نه‌وه.
چاودێران و شاره‌زایانی سیاسی و ئابووریی عێراقی هاوكات داوای دووباره ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌كان ده‌كه‌ن لە ژێر چاودێری و سه‌رپه‌رشتیی دادوەرییه‌كی سەربەخۆدا، هاوكات دەرکردنی یاسایەک کە گرێبەستکردن لەگەڵ ئەو لایەنانەی کە کەوتوونەتە ژێر سزای نێودەوڵەتی به پێویست ده‌زانن و ده‌شڵێن، ده‌بێت كۆمپانیای سۆمۆ بە ئاشکراکردنی هەموو گرێبەستەکانی پێشوو و ئه‌وانه‌ی ئه‌م دواییانه‌ش پابه‌ند بكرێت.
چاودێران و شاره‌زایانی سیاسی و ئابووریی عێراقی ده‌ڵێن، چیرۆكی ئابڕووچوونی 41 سه‌كۆ و ده‌روازه‌كه‌ی سالم ئه‌حمه‌د، گه‌وره‌ترین شایه‌تیدانه له گه‌نده‌ڵییه‌كانی عێراق له بواری نه‌وت له دوای ساڵی 2003ـوه.
وەزارەتی گەنجینەی ئەمه‌ریکا له كۆتاییه‌كانی مانگی ڕابردوودا، سزای ئابووری و دارایی به‌سه‌ر 115 كه‌س، كۆمپانیا و كه‌شیتیدا کە تۆمەتبارن بە ئاسانکاری بۆ فرۆشتنی نەوتی ئێران، سه‌پاند.
وەزارەتی گەنجینەی ئەمه‌ریکا له ڕاپۆرتێكدا ئاماژه‌ی به‌وه كردبوو، ئه‌م تۆڕه له لایه‌ن محه‌ممه‌د حوسێن شه‌مخانی، كوڕی عه‌لی شه‌مخانی، ڕاوێژكاری باڵای عه‌لی خامنەیی، ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێرانه‌وه سه‌رپه‌رشتی ده‌كرا.
3ـی ته‌ممووزی 2025، سکۆت بێسنت، وەزیری گه‌نجینه‌ی ئەمه‌ریکا ڕایگه‌یاندبوو، وەزارەته‌كه‌یان بەردەوام دەبێت لە به ئامانجكردنی سەرچاوەکانی داهاتی ئێران و فشارە ئابوورییەکان و ڕێگه‌گرتن له‌وه‌ی تاران ده‌ستی به سه‌رچاوه داراییه‌كان بگات.
هه‌مان ڕۆژ سه‌رچاوه‌یه‌ك به "په‌یمانگای وڵاتانی كه‌نداوی عه‌ره‌بی له واشنتن - The Arab Gulf States Institute"، گوتبوو، له كاتێكدا حكوومه‌تی فیدراڵی عێراق بودجه و مووچه‌ی هه‌رێمی كوردستانی بڕیوه و له‌وه‌ته‌ی ساڵی 2014ـوه سزای ئابووری خستووه‌ته سه‌ر، به‌ڵام بودجه‌ی عێراق به‌رده‌وام ده‌گاته ئه‌و گرووپه میلیشیایانه‌ی سه‌ر به ئێرانن و بۆ به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی تاران كار و چالاكی ده‌كه‌ن.