دەستەی مافی مرۆڤ، دوو ڕۆژی بۆ سەردانیی گیراوانی لالەزار دیاریی کرد

دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ، کەسوکاری گیراوانی لالەزار ئاگادار دەکاتەوە و دەڵێت: ڕۆژانی یەکشەممە و دووشەممەی داهاتوو، دەتوانن سەردانی ڕۆڵەکانیان بکەن.

هەینی 29ـی ئابی 2025، دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ، لە ڕاگەیەنراوێکدا كه‌سوكاری گیراوانی لاله‌زار، لە بارەی سەردانیکردنی ڕۆڵەکانیان ئاگادار دەکاتەوە.

لە ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە، دوای هەماهەنگیکردن لەگەڵ دەزگای ئاسایشی گشتی/سلێمانی، ڕۆژانی یەکشەممە و دووشەمەی داهاتوو دەتوانن سەردانی کوڕەکانیان بکەن.

دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ، ئەمە دووەمین جارە دەرفەتی سەردانیکردنی گیراوانی لالەزار، بۆ کەسوکارەکانیان ڕێک دەخات.

بۆ یەکەم جار دەستەکە ڕۆژی چوارشەممە 27ـی ئابی 2025، کەسوکاری بەشێک لە دەستگیکراوانی لالەزاری ئاگادار کردەوە، بۆ مەبەستی سەردانیکردنی ڕۆڵەکانیان.

سلێمان موحسین سندی، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی پەیوەندییەکان و ڕاگەیاندنی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاندبوو، بە پێی ئاماری ئاسایشی سلێمانی 163 کەس لە ئەندامانی هێزی دووپشک دەستگیر کراون.

درەنگانی شەوی پێنجشەممە 21ـی ئابی 2025، هێزێکی زۆری یەکێتی کە پێکهاتبوون لە (کۆماندۆ، ئاسایش و دژەتیرۆر) بەرەو لالەزار شوێنی نیشتەجێبوونی لاهور شێخ جەنگی، سەرۆکی بەرەی گەل جوڵەی پێ کرا و چواردەوری شوێنەکەیان گەمارۆ دا.

بەرەبەیانی هەینی 22ـی ئابی 2025،  شەڕ و پێکدادان لە نێوان هێزەکانی یەکێتی و هێزی دووپشکی سەر بە لاهور شێخ جەنگی ڕوویدا، دوای ڕووبەڕووبوونەوەیەکی توندی چەکداری کە بۆماوەی چەند کاتژمێرێک بەردەوام بوو، لە ئەنجامدا سێ ئەندامی هێزەکانی یەکێتی کوژراون و 19ـی دیکەش بریندار بوون، هەروەها لاهور شێخ جەنگی و پۆڵادی براشی دەستگیر کران.

 
 
 
 
 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment