میدیای یەکێتی: لاهور شێخ جەنگی و پۆڵادی برای دەستگیرکران

میدیاکانی یەکێتی بڵاویان کردووەتەوە، کەمێک لەمەوبەر لاهور شێخ جەنگی و پۆڵادی شێخ جەنگی برای لەلایەن هێزەکانی یەکێتی دەستگیرکراون. 

بڵاوکردنەوەی هەواڵی دەستگیرکردنی لاهور شێخ جەنگی و پۆڵادی برای لەلایەن میدیای یەکێتیی نیشتمانی کوردستان لە کاتێکدایە، پێشتر بڵاویان کردبووەوە کە ژمارەیەک چەکداری سەر بە لاهور شێخ جەنگی لە هوتێل لالەزار خۆیان ڕادەستی هێزەکانی یەکێتی کردووە. بەڵام تاوەکوو ئێستاش شەڕ و پێکدادان لەنێوان هەردوو هێزەکە لە هوتێلەکە بەردەوامە و بە گوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردستان24، ئێستاش دەنگی دەستڕێژی هێزەکانی یەکێتی و هێزەکانی لالەزار دەبیسرێت.

هەر دوای بڵاوبوونەوەی دیمەنی دەستگیرکردنی لاهور شێخ جەنگی، میدیای یەکێتی هەواڵی دەستگیرکردنی ڕێبوار حامید حاجی غالی، فەرماندەی هێزەکەی لاهور جەنگی ڕاگەیاند. 

میدیای یەکێتی دیمەنی ساتی گواستنەوەی لاهور شێخ جەنگی و پۆڵادی برای لە هوتێل لالەزارەوە بۆ شوێنێکی دیکەیان بڵاوکردووەتەوە، بەڵام تاوەکوو ئێستا نەزانراوە بەرەو کوێی گواستراونەتەوە، ئایا دەبرێنە دەباشان یان زیندان، بەهۆی ئەوەی لەلایەن دادگای سلێمانییەوە فەرمانی دەستگیرکردنیان بۆ دەرکرابوو.

هەروەها میدیای یەکێتی بڵاویکردووەتەوە، هاوسەر و منداڵی لاهور شێخ جەنگی سەلامەتن و ژیانیان پارێزراو و گوازراونەتەوە بۆ شوێنێکێ ئارام، بەڵام بەبێ ئاشکرا کردنی شوێنەکە.

لە بارەی ژمارەیە قوربانییەکانی بە گوێرەی ئەو زانیاریانەی میدیاکانی یەکێتی ئاشکرایان کردووە، دوو ئەندامی هێزەکانی یەکێتی کوژراون و 15 ئەندامی دیکەی هێزەکان برینداربوون.

 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment