ئەڵمانیا لە جێبەجێکردنی 'یاسای دبلن'ـی تایبەت بە کۆچبەران ڕووبەڕووی ئاستەنگ دەبێتەوە

ئەڵمانیا لە جێبەجێکردنی 'یاساکانی دبلن' کە داواکاری پەنابەران لە یەکێتی ئەورووپادا بەڕێوەدەبات، ڕووبەڕووی ئاستەنگی بەرچاو دەبێتەوە.
بە پێی 'یاساکانی دبلن' ئەو وڵاتانەی ئەندام لە یەکێتی ئەورووپا، کە یەکەم جار پەنابەر دەجێتە ناو خاکەکەی هەر ئەو بۆی هەیە کەیسەکانی کۆچبەران یەکلایی بکاتەوە، وەک ئیتاڵیا یان یۆنان، بەڵام زۆرێک لەو کۆچبەرانە بەردەوامن لە گەشتەکەیان بۆ وڵاتانی دیکە، وەک ئەڵمانیا، ئەمەش بۆ گەڕانە بەدوای ژیانێکی باشتردا.
دەسەڵاتدارانی ئەڵمانیا ڕووبەڕووی کێشەی کردەیی بوونەتەوە لە گەڕانەوەی کۆچبەران بۆ ئەو وڵاتانەی بەرپرسیارن لە پێداچوونەوە بە داواکارییەکانی کۆچبەران، دوو سەنتەری تایبەتمەندیان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی وڵات کردۆتەوە بۆ نیشتەجێکردنی ئەو کەسانەی چاوەڕێی دیپۆرتکردنەوەن، بەڵام تەنیا پێنج کۆچبەر گەڕێنراونەتەوە بۆ پۆڵەندا.
ئەلێکساندەر دۆبرینت، وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا، فەرمانی بە پۆلیس کردووە ڕاستەوخۆ کۆچبەران لەسەر سنوورەکان بگەڕێننەوە، ئەمەش هەنگاوێکە پێشێلکردنی یاسای یەکێتی ئەورووپایە، چونکە پێویستە کۆچبەران وەربگیرێن تا ئەو کاتەی ئەو وڵاتە بەرپرسیارە لە داواکارییەکانیان دیاری دەکرێت.
ئەم پێشهاتانە لە کاتێکدایە کە ناکۆکی بەردەوام لە نێوان وڵاتانی یەکێتی ئەورووپادا هەیە سەبارەت بە چۆنیەتی دابەشکردنی کۆچبەرانی نایاسایی، هەروەها وڵاتانی هاوسنوور ڕووبەڕووی فشارێکی بەرچاو بوونەتەوە، لە کاتێکدا وڵاتانی دیکەش جێبەجێکردنی یاسا یەکگرتووەکانی ئەورووپا بە قورس دەزانن.